زاری كرمانجی-سۆران
یان برایم، كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە سەردانێكیدا بۆزانكۆی سۆران، جەخت لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكان لە نێوان زانكۆی سۆران و زانكۆ و ناوەندە زانستی و ئەكادیمییەكانی وڵاتی فەڕەنسا، دەكات و ئامادەیی كۆنسوڵخانەی فەڕەنسا بۆ هەموو هاوكارییەكی لەم جۆرە دەردەبڕێت.
ڕێبەر عەبدولغەفار، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی كرمانجی ڕاگەیاند: ” پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران تابلۆیەكی پێشكەش بە كۆنسوڵی فەڕەنسا كرد. دواتر كۆنسوڵی فەڕەنساش بەهەمان شێوە دیارییەكی پێشكەش بە سەرۆكی زانكۆی سۆران كرد”.
گووتیشی: ” هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا؛ یان برایم، كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا سمینارێكی لەبارەی “دیپلۆماسییەتی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” پێشكەش كرد. لەم سمینارەدا د. هیمداد فەیسەڵ، ڕاگری فاكەڵتیی یاسا، زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن، ژمارەیەكی بەرچاو لە مامۆستایان و قوتابیان بەشدار بوون. سمینارەكە لەلایەن بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ڕێكخرا بوو، ڕۆشنایی خستە سەر ڕۆڵی دیپلۆماسیی فەڕەنسا لە پشتیوانی پرسی كورد بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، دواتر ئاماژەیی بە ڕۆڵی سەرۆك ماكڕۆن و سەركردایەتیی سیاسی هەرێمی كوردستان كرد، كە پەیوەندییە دووقوڵی و دیپلۆماسییەكانیان لە بەرزترین ئاستی خۆیان دان.
لە كۆتای سمینارەكە بە پرسیاری قوتابیان و وەڵام و ڕوونكردنەوەكانی یان برایم، كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا دەوڵەمەندتر كرا. بە گرتنی وێنەیەكی بە كۆمەڵ لەگەڵ ئامادەبووان، كۆنسوڵی گشتیی فەڕەنسا كۆتایی بە سەردانەكەی بۆ زانكۆی سۆران هێنا.
































































