جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە ئەحمەد شەرع دەکات کێشەکانی گەلی کورد لە سووریا بە ئاشتی چارەسەر بکات.
ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ـی ئەمەریکی لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای کۆشکی سپییەوە بڵاویکردەوە، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، ئەنجامداوە.
لە پەیوەندییەکەدا، ڤانس داوای لە شەرع کردووە کۆتایی بە گرژییەکان بهێنن و کێشەکانیان لەگەڵ کورد بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە ئەحمەد شەرع. پێی گوتووە، بەردەوامبوونی گرژییەکان لەگەڵ کورد و ئاوارەبوونی خەڵکی زیاتر، ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ئەمریکا جارێکی دیکە بیر لە سەپاندنەوەی سزا بەسەر سووریادا بکاتەوە.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە کاتێکدایە لە چەند ڕۆژی رابردوودا، گرژی و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەندان ناوچە، بەتایبەتی لە دەوروبەری حەلەب، پەرەیان سەندبوو.

































































