بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، ئامادەکاریی تەواو کراوە و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە دابەشکردنی زیاتر لە ٩ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت دەکرێت، کە دابەشکردنیشی لە ڕێگەی تیروپشکەوە دەبێت.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، “دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر ناوی بۆ وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون تۆمار کرد ئەوانەی ھەژار و کەمدەرامەتن لە ھەموو ھەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوانەی مەرجەکانیان تێدایە و شایانی ئەوەن یەکەی نیشتەجێبوونیان پێ بدرێت ٩ ھەزار و چوار یەکەمان ھەن و ھەر بەشێکیان بە ڕێژەیەک تەواو بوون، کە لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە ئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو یەکانەی دروست کراون تیروپشک دەکرێت بۆ ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە و بەپێی تیروپشک ئەو ٩ ھەزار و ٤ یەکەی نیشتەجێبوونانەیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
توانا بەشیر گوتیشی، مەبەستمان لەو کارەش ئەوەیە، ئەو خەڵکەی ناوی لە تیروپشک دەردەچێت، بزانێت بووەتە خاوەن یەکەیەکی نیشتەجێبوون و ھەر کاتێک تەواویش بێت، کلیلی یەکەکانیان ڕادەست دەکرێت ئینجا قیستەکانیان بۆ حیساب دەکرێت و بە قیستی درێژخایەن دەبێت و لە ماوەی ٢٥ ساڵدا قیستەکان دەدەنەوە، بۆیە ئەو یەکانە لە زۆرینەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دروست کراون و لە ڕێگەی تیروپشکەوە بەسەر خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێن.

































































