بۆ یەکەمین جار ئەو ئامێرە دێتە نەخۆشخانەیەکی ئیدارەی سۆران
محەممەد مەحموود- سۆران :
بۆ بایەخدانی زیاتر بە کەرتی تەندروستی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران بۆ یەکەمین جار ئامێری لێزەری شکاندنی بەردی گورچیلە دێنێتە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری، بەمەش هاووڵاتییان زیاتر سوودمەندەبن لەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە.
لەم بارەیەوە دکتۆر کامەران مەلامحەممەد شێروانی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند ” لە پێناو کەمکردنەوەی ناردنی نەخۆش بۆ شاری هەولێر و کەمکردنەوەی خەرجی زۆری هاووڵاتییان لە نەخۆشخانە تایبەتەکان، بڕیارماندا کە پێشکەوتووترین ئامێری لێزەری شکاندنی بەردی گورچیلە بۆ یەکەمین جار لە ئیدارەی سۆران بێنینە نەخۆشخانەی ئاشتی فێرکاری سۆران بە گۆژمەی زیاتر لە (۲٠٠،٠٠٠،٠٠٠ دووسەد ملیۆن دینار )”.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد ” ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری بەرز کردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری کەرتی تەندروستی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات،بۆ ئەم کارەش سوپاسی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەین کە ئەم ئامێرە بە هاوبەشی لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سۆران دابین کراوە.

































































