دەستبژێرە جیاوازەکانی شاری سلێمانی، دژی پڕۆژەی دوو هەرێمیی و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان گردبوونەوە و ڕایانگەیاند، شەقامی سلێمانی پشتیوانی لە یەک نیشتمانی دەکات و دژی هەر جۆرە دابەشکاریی و جیاکردنەوەیەکە.
کاتژمێر چواری ئێوارەی ئەمرۆ دوو شەممە، لە باخی گشتیی شاری سلێمانی، ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی، دژی پڕۆژەی بە دوو هەرێمکردنی هەرێمی کوردستان گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا لاوک ئەبوبەکری هونەرمەند، بە ناوی بەشداربووانەوە بۆ ڕاگەیاندنەکان وتی ” شەقامی سلێمانی بە گوێی هەموو دونیایدا، هەرچەند دوژمنان کوردستان پارچە پارچە بکەن، بۆ ئێمە کوردستان هەر یەک کوردستان و یەک وڵاتە، جەختیشی کردەوە کە تا ئێستاش ئەو پەیامە بوونی هەیە و ئەگەر لە لایەن دوژمنەوە بێت یان هاوخوێن و هاوشاری بێت، بیەوێت کوردستان پارچە پارچە بکات دژی دەوەستنەوە”.
سەبارەت بە هەوڵ و ئەجێندا سیاسییەکانیش لاوک ئەبوبەکر وتیشی” هەر ئەجێندایەکی سیاسی ویست و بیرکردنەوەیەکی بۆ شاری سلێمانی هەیە، دەتوانێت لە چوارچێوەی کاری خۆیدا بیری لێبکاتەوە، بەڵام نابێت ئەجێندای حزبی بەسەر شارەکە بسەپێنێت”.
کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند، “خەڵکی ئەم شارە یەک نیشتمان و یەک شاری دەوێت، چۆن ئەمشارە بە ئازارە بۆ ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باکوور، ئاواش بە ئازارە بۆ هەر دابەشکاری و جیاکردنەوەیەکی هەرێم و قبووڵی ناکەین، نابێت پرسی نیشتمانی بە لاڕێدا ببرێت، دووپاتیشی دەکەینەوە سلێمانی بەشێکە لە کوردستانی گەورە و پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە و هەروایش دەمێنێتەوە”.
بەرامبەر ئەمان لە رۆژی ١٤ ی تشرینی دووەمەوە لەبەردەم باخی گشتی چەند مێزێک دانراوە کە واژۆ بۆ جیاکردنەوەی سلێمانی لە هەرێم کۆدەکاتەوەو لەنێو ناوەندی گشتی بەو شێوەیە وێنا دەکرێن کە سەر بەدەسەڵاتن.

































































