زاری كرمانجی-شەقڵاوە
قائیمقامی قەزای شەقڵاوە بڵاوی كردەوە: “لە سەر فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، بە گوژمەی ( 9 ملیار دینار ) دەستبەجێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگ و ستراتیژی قەزای شەقڵاوە دەكرێت.
سوارا ئەكڕەم قائیمقامی قەزای شەقڵاوە ئەوە دەخاتەڕوو: “لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی درا لە سەر دەستپێكردنی پڕۆژەی چاككردنەوەی تەواوی ڕێگای گردی زەیتونە و بە دووسایدی كردنی شەقامی سەر مەیدان لە سەنتەری قەزایی شەقڵاوە بە گوژمەی( 9 ملیار دینار ).
گووتیشی: “ڕۆژی 28-10-2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەبارەت بە پڕۆژەكە كۆبووە و تیشكی خستە سەر گرنگی پڕۆژەكە وەك پڕۆژەیەكی ستراتیژیی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ڕێگاوبانەكان لە سەنتەری قەزای شەقڵاوە.
هەروەها جەختی لە سەر تەواكردنی پڕۆژەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا كردەوە، كە بڕیارە لەو نزیكانە بە شێوازێكی ئەندازەیی پێشكەوتوو و بە بەكارهێنانی نوێترین تەكنیكی سەردەم، بە ئامانجی دەستەبەركردنی بەرزترین كوالێتی و ڕێگریكردن لە دووبارە تێكچوونەوەی ڕێگاكە لە داهاتوودا جێبەجێبكرێت.
قائیمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەشدا: ” ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت بۆ گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و باشتركردنی ژێرخانی ڕێگاوبانەكان لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشتیاران.

































































