کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکا ئاشكرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی 96 کاتژمێری داهاتوو ئامادەی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازین لە دژی ئێران، لە ئێستادا تەنیا لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەستاون.
بەپێی کەناڵەکە؛” بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بە سووربوونی وڵاتەکە لەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکان داوە، بەشێوەیەک کە ئەمجارە بابەتەکە “تەنیا لەسەر کات وەستاوە”.
باسی لەوەشکردووە:” تا ئێستا ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوەی نەداوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەگەر لەو ماوەی 96 کاتژمێرەدا هێرش نەکەن، بەئەگەری زۆرەوە دوای هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێسی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هێرشەکان دەستپێدەکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، هێزی پێویست لە ناوچەکە جێگیرکراوە تا هێرشێکی فراوان دەستپێبکەنەوە. وەک باسی کردووە:” ئەمجارە تەنیا بەئامانجگرتنی ڕادار و شوێنی هەڵدانی مووشەک ناگرێتەوە کە ئێران دەتوانێت بە ئاسانی بنیادیان بنێتەوە، بەڵکو وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و فەرماندەی ناوەندی وڵاتەکە لیستێکی ئامانجەکانیان ئامادەکردووە، کە ژێرخانی وزە، بنکەی سەربازی و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەگرێتەوە.

































































