قوتابی: پەیمان ئیسماعیل حەمەد
قۆناغی سێیەم بەشی لیکۆڵینەوە ستراتیجیەکان
پێشەکی
قۆناغی سێ، لەهەمان کات ئەنفالی گەرمیانیشی پێ دەگوترا، لە ٧ تا ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨ سێ ناوچەی گەرمیانی گرتەوە، ئەو قۆناغە بەرفراونترین هێرش و پەلامار بوو بۆ سەر ناوچەکە، ناوچەکانی دوزخورماتو، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، دەربەندیخان، قەرەهەنجیر، تەکیە و بەشێکی ناوچەی ئاغجەلەری گرتەوە، ئەو قۆناغەی ئەنفال لەهەموو قۆناغەکانی دیکە کارەساتبار تر و بەزیانتر بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، چونکە نزیکەی ٨٠ هەزار خەڵکی سڤیلی کوردی تێدا ئەنفال کرا.
قۆناغی چوار
ئەنفالی قۆناغی چوار، یان ئەنفالی حەوزی زێی بچوک، لە٣ی ئایاری ١٩٨٨ دەستیپێکرد و دوای تەواوکردنی تاوانەکانی ئەنفالی سێ کە زۆرترین قوربانی لێکەوتەوە. ئەو هەڵمەتە حەوزی زێی بچووکی گرتەوە، هێڵی سنووری هەردوو پارێزگای کەرکووک و هەولێر پێک دەهێنێت، هەروەها باشووری ڕێگای نێوان کۆیە و دەریاچەی دۆکان و ناوچەکانی شوان، شێخ بزینی، دەشتی کۆیە، گۆپتەپە، عەسکەر، دێگەلە و ئاڵتون کوپرییشی گرتەوە.
قۆناغی چوارەمی ئەنفال بە کیمیابارنکردنی گوندی گۆپتەپە دەستی پێکرد، سەرەتا فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبی کیمیایی بەسەر خەڵکی ناوچەکە باراند، قوربانیانی ئەو گوندە نزیکەی ٣٠٠ کەس دەبوون، گوندی عەسکەریش بە ٨ بۆمبی کیمیایی بۆمباران کرا، هاوکات ئاوی بەنداوی دۆکانی بەردایەوە تاکو خەڵک نەتوانن بپەڕنەوە و ڕزگاریان بێت. ئەو قۆناغە لە ٨ی ئایاری هەمان ساڵ کۆتایی هات.
قۆناغی پێنجەم
قۆناغی ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت لە ١٥ی ئایاری ١٩٨٨ دەستیپێکرد، ئەو قۆناغە دۆڵی چیاکانی شەقڵاوە و ڕواندزی گرتەوە، چەند فڕۆکەیەک بە گازی کیمیایی گوندەکانی نازەنین، کاموسەک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقوڵییان بۆمباران کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ئەو گوندانە شەهیدبوون. لە ٧ی حوزەیران شاڵاوی ئەنفالی پێنج کۆتایی هات.
قۆناغی شەش و حەوت
لە ٢٦ی تەمووزی ١٩٨٨ دەستیپێکرد، ئەو قۆناغە ناوچەکانی دۆڵی بالیسان و دۆڵی مەلەکان و دۆڵی وەرتێ و هیران و سماقوڵی گرتەوە، ڕژێمی بەعس بەچەکی کیمیایی ناوچەکەی بۆمباران کرد، لە میانەی شاڵاوەکانی پێنج و شەش و حەوت ٥٢ گوند لە ناحیەی خەلیفان و ڕواندز و خۆشناوەتی وێران کران. ئەو دوو قۆناغە لە ٢٦ی ئابی ١٩٨٨ کۆتایی هات.
قۆناغی هەشتەم و کۆتایی
قۆناغی هەشتەم یان ئەنفالی بادینان، لە ٢٥ی ئابی ١٩٨٨ دوای وەستانی شەڕی عێراق و ئێران لە دەڤەری بادینان دەستی پێکرد، ئەو شاڵاوە بە هێرشی کیمیایی بۆ سەر ناوچەی زیرەشکانی سنووری عێراق و تورکیا دەستیپێکرد و ناوچەکانی دهۆک و زاخۆ و ئامێدی و کانی ماسێ و زێوە و ئەتروش و زاویتە و شێخان و ئاکرێی گرتەوە. ئەو قۆناغەی ئەنفال چڕترین هێرشی بۆمبی کیمیایی تیادا بەکارهات، بەڵام ژمارەی قوربانیان لەچاو ئەو بۆردومانە چڕە کەم بوو، ئەویش لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە لەناوچەکە پێشتر خەڵکیان ئاگادر کربووەوە و ئامۆژگاری خۆپارستنیان پێدا بوون، تەنیا زەرەر و زیانێکی زۆر بەر ماڵ و ماڵاتی خەڵک کەوت و مەڕ و ماڵات قڕ بوو و کێڵگەی جوتیارەکانیش بەهۆی کاریگەریی کیمیایی لەبەرهەم کەوتن. ئەو قۆناغە تاوەکو ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ بەردەوام بوو.
دەرئەنجام
ئەم وتارە کورتەیەکی مێژووییە لەسەر قۆناغە یەکدواییەکەکانی هەڵمەتی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨دا، کە تێیدا ڕژێمی بەعس پەلاماری ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی (لە گەرمیان و حەوزی زێی بچووکەوە تاوەکو ناوچەکانی شەقڵاوە ڕواندز خۆشناوەتی و دەڤەری بادینانی گرتەوە) دا. وتارەکە جەخت لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی وێرانکردنی گوندەکان، بەجێهێشتنی زیانی گیانی و مادی گەورە (وەک قۆناغی سێ بە نزیکەی ٨٠ هەزار قوربانی) و کۆتاییهاتنی شاڵاوەکان بە قۆناغی هەشتەم لە بادینان دەکاتەوە
سەرچاوە:
١-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢-کتێبی کورتە باسێک لەسەر ئەنفال نوسینی شەمزین جیهانی
٣-کتێبی پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد نوسینی محمد حەمە سالح

































































