محەممەد مەحموود- رواندز:
بەمەبەستی پێشخستنی زیاتری کەرتی پەروەردە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ئامادەبوونی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم و شاندێکی یاوەری، بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سۆران کۆبوونەوەیەکی چوار کاتژمێری بەڕێوەچوو تێدا داواکاری و هاوکاریکردنی پڕۆسەی پەروەردەو فێرکردن لەو سنووره خرایه بەرباس.
راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەربارەی ئەو کۆبوونەوەیە بڵاویکردەوە ” لە پێناو پێشخستنی کەرتی پەروەردە و چارەسەرکردنی ڕەگوڕێشەیی کێشەکانی پرۆسەی خوێندن، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، د. ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب و بەرپرسانی پەروەردەییی ناوچەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و بەرەوپێشبردنی توانا و لێهاتوویی مامۆستایان و قوتابیان کرا، وە تیشک خرایەسەر ئاڵنگارییەکانی کەرتی پەروەردە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەوانەش: کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە هەندێک گەڕەک و ناوچە، قەرەباڵغیی پۆلەکان، پێداویستیی قوتابخانەکان بە نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی کەرەستەی خوێندن سنوورەکە.
وەزیری پەروەردە جەختی لەوە کردەوە کە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کارنامەی وەزارەتدا شوێنێکی تایبەتی هەیە و ڕایگەیاند: “حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە دابینکردنی ژینگەیەکی خوێندنی گونجاو بۆ هەموو قوتابیان، لەو چوارچێوەیەدا کار لەسەر دروستکردنی باڵەخانەی نوێ و بەپەلە نۆژەنکردنەوەی قوتابخانە کۆنەکان دەکەین تاوەکو گرفتی دوودەوامی و قەرەباڵغی لە پۆلەکاندا چارەسەر بکەین.”
لە لایەن خۆشییەوە، بەڕێز هەڵگۆرد شێخ نەجیب رایگەیاند: دووپاتی دەکەینەوە کە هەوڵدانمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی چارەی ڕیشەیی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی پەروەردە لە سنووری ئیداری سەربەخۆی سۆران هەوڵی بەردەوامی ئێمەن وە ئەمەش نەخشە ڕێگایەک دەبن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی لێهاتوو کۆمەڵگەیەکی هۆشیار. ناوبرابوو ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی خێرخوازان و کەرتی تایبەت کرد و گوتی: “شانبەشانی هەوڵەکانی حکومەت، بەردەوام دەبین لە ڕاکێشانی پشتیوانی خێرخوازان بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ، وەک چۆن لە چەندین پڕۆژەی هاوشێوەدا ئەنجامی باشمان بەدەستهێناوە.”
































































