پڕۆژەی رووناكی ئاشكرای كرد، ئێستە نزیكەی 750 هەزار هاوبەش قەرزی كۆنی پێش رووناكییان لەسەر ماوە و نەیانداوە و لە هەڵمەتی دووەمی داشكاندندا 100 هەزار كەس سوودمەند بوونە كە لەگەڵ 800 هەزار سوودمەندی هەڵمەتی یەكەمدا، كۆی گشتیی سوودمەندبووان گەیشتووەتە 900 هەزار كەس.
پڕۆژەی رووناكی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد كە نزیكەی 750 هەزار هاوبەش قەرزی كۆنی پێش رووناكییان لەسەر ماوە و نەیانداوە، هەروەها ئاگەداری ئەو هاوبەشانە دەكاتەوە كە تا18ـی ئەم مانگە كاتیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی سوود لە ئۆفەری داشكاندنی قەرزەكان وەربگرن، بە پێچەوانەوە دوای ئەو بەروارە داشكاندنەكە نایانگرێتەوە و تەواوی بڕی قەرزەكانیان دەخرێتەوە سەر قیست.
سەبارەت بە شێوازی قیستەكان، ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە هاوبەشانی ماڵان بەپێی بڕی قەرزەكانیان تا 24 قیستی مانگانەیان بۆ دەكرێت، بەمەرجێك كەمترین بڕی قیستی مانگانە بۆیان بریتی بێت لە 20 هەزار دینار. هەروەك دووپات كراوەتەوە كە نیوەی ئەو هاوبەشانەی قەرزیان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەكەیان كەمترە لە 200 هەزار دینار، كەواتە بە هەژماركردنی داشكاندنەكە، بڕی كەمتر لە 100 هەزار دینار دەدەن.
باس لەوەیش كراوە كە زیاتر لە یەك ملیۆن هاوبەشی ماڵان بە تەواوی هیچ قەرزێكی پێش رووناكییان لەسەر نەماوە و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڵمەتی یەكەم و دووەمی داشكاندنی قەرزی پێش رووناكی، لە نزیكەی 350 ملیار دیناری قەرزی هاووڵاتییان خۆش بووە، هەروەها تائێستە لە هەڵمەتی دووەمی داشكاندندا 100 هەزار كەس سوودمەند بوونە، كە لەگەڵ 800 هەزار سوودمەندی هەڵمەتی یەكەمدا، كۆی گشتیی سوودمەندبووان گەیشتووەتە 900 هەزار كەس.

































































