مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستبەسەرداگرتنی نزیكەی 785 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و هەڵوەشاندنەوەی 250 تۆڕی بازرگانیی ڕاگەیاند.
میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتەكە لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا توانراوە 250 تۆڕی بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر هەڵبوەشێنرێنەوە، كە 34 یان تۆڕی نێودەوڵەتین.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ زانیاری زیاتری لەبارەی بڕی ماددە دەستبەسەرگیراو و سزای تاوانباران، خستەڕوو “دەست بەسەر 785 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر و نزیكەی ملیۆنێك و 770 هەزار حەبی بێهۆشكەردا گیراوە، كە جۆرەكانی وەك كریستاڵ، كاپتاگۆن، حەشیشە، ترامادۆڵ، كۆكاین و هێرۆین دەگرێتەوە.” دەشڵێت “فەرمانی دادوەری بۆ 175 تۆمەتبار دەرچووە و 59 تاوانبار سزای لەسێدارەدان و 254 تاوانباری دیكەش سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە.”


































































