زاری كرمانجی-سۆران
هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنییەكان، لە سنووری قەزاکانی شەقڵاوە و چۆمان و سیدەکان بەڕێوەچوو.
ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر بڵاوی كردەوە: “لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانماندا، تیمەکانی هۆشیارکردنەوە سەردانی گوندەکانی (ژیلایا) و (بۆزان)یان لە سنووری قەزای سیدەکان کرد”.
ئەوەش خراوەتەڕوو: “ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە گەیاندنی پەیام و ڕێنماییەکانی خۆپارێزی لە مەترسییەکانی مین بە هاونیشتمانییان و پشتیوانیکردنی تیمەکانی پاکسازی کە ئێستا لە سنوورەکەدا سەرقاڵی پاککردنەوەی زەوییە مینڕێژکراوەکانن وە دانان و جێگیرکردنی تابلۆی هۆشیارکردنەوە لەسنوری قەزای شەقڵاوە و چۆمان.
هاووڵاتییانی ئازیز
لە کاتی دۆزینەوەی هەر تەنێکی گومانلێکراو، مین یان پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، ڕاستەوخۆ دووربکەونەوە و پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دەزگای مینەوە بکەن بە ژمارەی ١٨٢.

































































