ئەژین غەفار – زاری کرمانجی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، بڵاوی کردووەتەوە کە ئاماددەکاری دەکەن هەڵمەتی ساڵانەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، کە لەگەڵ نوێنەرانی ئاژانسی ئەڵمانی بۆ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان (GIZ)، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ هەڵمەتی 16 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان ئەنجام دا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداری بەرێوەبەر و ستافی بەشەکانی پلاندانان، سەنتەری ڕاوێژکاری، هۆشیاری و ڕاهێنان بەڕێوەچوو، چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە هەڵمەتی ئەمساڵ تاوتوێ کران. لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن لەسەر دانانی پلانی نیشتمانی و دیاریکردنی چالاکییەکانی هەڵمەتی 16 ڕۆژە بوو؛ هەڵمەتێک کە هەموو ساڵێک لە 25ـی نۆڤەمبەر، ڕۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، دەست پێدەکات و تا ١٠ی کانونی یەکەم، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافەکانی مرۆڤ، بەردەوام دەبێت.
هەروەها، پلانی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان خرانەڕوو و بەشدارییەکان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنیان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا. لە کۆتایی کۆبوونەوەکەش، ئامادەبووان کۆمەڵێک پێشنیار و ڕێکاریان خستەڕوو بۆ دەوڵەمەندکردنی پلانەکە و باشترکردنی چالاکییەکان، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و زیاترکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئافرەتان و خێزان.

































































