رەسول سلێمان سەرانەیی
هەردووکیان شانزەن؛ شانزەی ئاب و ئۆکتۆبەر. بەڵام هەموو شانزەی ئابێک تەنها ڕۆژێک لە تەقویم نییە؛ هەندێک ڕۆژ لە مێژوودا لە کات ڕزگار دەبن و دەبنە بەشێک لە بیرەوەریی گەل. شانزەی ئاب بۆ کورد، لەگەڵ یادەوەریی دامەزراندنی پارتی، بە خەبات و خوێنی شەهیدانی کوردستان و بە ناوی سەرکردایەتی و بوێریی بارزانیی نەمر گرێدراوە؛ ئەو سەرکردەیەی کە لە قۆناغێکی پڕ لە شکست و سەختی، باوەڕی بە توانای گەلەکەی نەشکاند و خەباتی کوردی بە هیوا و ڕێکخستن و بوێری بەردەوام کرد.
لەوێوەیە کە مانای شانزەی ئاب تەنها لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی ناوەستێت؛ بەڵکو دەبێتە پرسیارێک لە مێژوو: کاتێک گەلێک بە خوێن و قوربانی بناغەی خەباتێک دادەنێت، ئەوانەی دوای ئەوان دێن چۆن ئەو میراتە دەپارێزن؟
شانزەی ئاب، لە ناخی خۆیدا، بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییەیە کە مێژوو بە ناوی کەسێک دروست نابێت؛ بەڵام هەندێک سەرکردە دەتوانن ئاراستەی مێژوو بگۆڕن. بارزانیی نەمر یەکێک لەو کەسانە بوو کە بوێریی خۆی کردە هێزی هیوا و خەبات، و خەباتی گەلێکی کردە بەشێک لە مێژووی نوێی کوردستان.
لە مێژووی کورددا زۆرجار وا دەردەکەوێت کە لەگەڵ هەر ئابێک، ئۆکتۆبەرێک لەدایک دەبێت؛ ئابێک کە یادەوەریی زەخم و خوێن و خۆڕاگرییە، و ئۆکتۆبەرێک کە وێنەی دزی، گەندەڵکاری، نادادپەروەری و هەندێک جار نزیکبوونەوە لە دوژمنە.
بۆیە کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە ڕووداوەکە لە کام مانگدا ڕوویداوە؛ کێشەکە ئەوەیە ئێمە چۆن لە مێژوو فێر نابین؟
ئەگەر ئاب هێمای بیرەوەری و خۆڕاگرییە، ئۆکتۆبر دەبێت هێمای پرسیارکردن بێت:
کێ بەرپرسیارە؟
کێ دزی کرد؟
کێ نادادپەروەریی کرد؟
کێ بە بەرژەوەندیی خۆی، بەرژەوەندیی گەلەکەی فرۆشت؟
خیانەت تەنها ئەوە نییە کە کەسێک ڕاستەوخۆ لەگەڵ دوژمن هاوپەیمان بێت؛ خیانەت لەوەش دەست پێدەکات کە مرۆڤ بەرژەوەندیی خۆی لە بەرژەوەندیی گەلەکەی بەرزتر دابنێت.
ئەو کاتەی پارەی گشتی دەکرێتە سامانی تایبەتی، ئۆکتۆبەرێکە.
ئەو کاتەی یاسا بۆ لاوازەکان جێبەجێ دەکرێت و بۆ دەسەڵاتداران دەگۆڕدرێت، ئۆکتۆبەرێکە.
ئەو کاتەی کەسی بێلیاقەت بەهۆی خزمایەتی و نزیکایەتی دەخرێتە شوێنی کەسی شایستە، ئەوەش ئۆکتۆبەرێکە.
ئەو کاتەی دەنگی خەڵک دەکرێتە قوربانیی ئارەزووی دەسەڵات، ئەوەش خیانەتێکی ترە.
خیانەت هەمیشە بە چەک ناکرێت؛ هەندێک جار بە قەڵەم دەکرێت، کاتێک درۆ بەجێی ڕاستی دادەنرێت. بە واژۆ دەکرێت، کاتێک بڕیارێک بۆ زیانی گشتی دەدرێت. بە بێدەنگی دەکرێت، کاتێک مرۆڤ دەبینێت مافی خەڵک دەخورێت، بەڵام بێدەنگ دەبێت چونکە خۆی سوودمەندە.
لە مێژووی کورددا، هەندێک جار دوژمن پێویستی بەوە نەبووە کە خۆی دەرگای ماڵمان بکاتەوە؛ کەسێک لە ناو ماڵەوە دەرگاکەی بۆ کردووەتەوە. ئەمە قورسترین جۆری خیانەتە؛ چونکە برینی دوژمن لە دەرەوەیە، بەڵام برینی خیانەت لە ناوەوەیە.
ئۆکتۆبەر لەو کاتەدا لەدایک دەبێت کە کەسێک بە ناوی گەلەوە دەسەڵات بەدەست دەهێنێت، بەڵام گەل لەبیر دەکات؛ بە ناوی نیشتمان قسە دەکات، بەڵام سامانی نیشتمان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە؛ بە ناوی خزمەت دەچێتە ناو دەسەڵات، بەڵام دەسەڵات دەکاتە خزمەتکاری خۆی.
ئەوەی مێژوو لێمان دەپرسی تەنها ئەوە نییە کە دوژمنمان کێ بوو؟ یان کێ لەگەڵمان بوو؟ پرسیاری قورستر ئەوەیە: کێ لە کاتی دەسەڵاتدا بە گەلەکەی وفادار مایەو؟
بۆیە نابێت هەر ئۆکتۆبەرێک بە ناوی کەسێک یان ڕووداوێک بناسرێت؛ دەبێت وەک هێمایەکی ئەخلاقی بیبینین. هەر کاتێک دزی لە مافی گشتی دەکرێت، ئۆکتۆبەرێکە. هەر کاتێک گەندەڵکاری دەبێتە سیستەم، ئۆکتۆبەرێکە. هەر کاتێک خزمایەتی لە شوێنی شایستەیی دادەنرێت، ئۆکتۆبەرێکە. هەر کاتێک کەسێک بۆ پاراستنی کورسیی خۆی، مافی نەوەیەک دەفرۆشێت، ئەوە ئۆکتۆبەرێکی ترە.
لە بەرامبەری هەموو ئەمانەدا، شانزەی ئاب دەبێتە بیرخستنەوەی ئەوەی کە خەباتی کوردستان بە قوربانیی هەزاران شەهید و بە بوێری و سەرکردایەتیی پیاوانی وەک بارزانیی نەمر بەردەوام بووە. ئەو خوێنە نابێت ببێتە تەنها بابەتێک بۆ یادەوەریی ساڵانە؛ دەبێت ببێتە پێوەرێک بۆ کردارەکانی ئەمڕۆمان.
ئەگەر ئەوان ژیانیان لە پێناوی گەلدا دانا، ئەوا کەسانێک نابێت مافی گەل لە پێناوی بەرژەوەندیی کەسی و دەسەڵاتدا دابنێین.
چونکە ئەوەی شەهیدانی کوردستان بە خوێنی خۆیان نووسیویانە، نابێت بە دزی و گەندەڵکاری و نادادپەروەری بسڕدرێتەوە
لە کۆتاییدا، شانزەی ئاب دەبێت ڕۆژی بیرکردنەوە بێت، نەک تەنها ڕۆژی پیرۆزبایی؛ ڕۆژی پرسیارکردن بێت، نەک تەنها ڕۆژی هەڵگرتنی دروشم.
چونکە ئەگەر شەهیدانی کوردستان بە خوێنی خۆیان بناغەیان داناوە، ئەوا ئەرکی ئەمڕۆمانە ئەوەیە بە داد، ئازادی، یەکسانی و بەرپرسیارێتی ئەو بناغەیە بپارێزین.
شانزەی ئاب یادمان دەخاتەوە کە مێژوو بە خوێن نووسراوە؛ ئۆکتۆبر پرسیارمان لێ دەکات کە ئایا ئێمە بە کردار دەپارێزین، یان بە دەستی خۆمان دەیخەینە مەترسی؟
رەسول سلێمانی سەرانەیی

































































