یاداشتی پەرلەمانتارانی عێراق بۆ زیاد كردنی پشكی هەرێمی كوردستان لە نەوت و بەنزینی پاڵپشتی كراوە، بە بێ واژوو كردنی پەرلەمانتارە كوردە ئۆپۆزسیۆنەكان دەگاتە عەلی زێدی و تەنها رەزامەندی ئەو ماوە كە ئەم كێشەی چارەسەر بكرێت.

یاداشتەكە كە واژووی 166 پەرلەمانتاری عێراقی لەسەرە و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی پێ هەڵسان و توانیان لۆبییەكی باشی بۆ بكەن، بە مەبەستی ئەرزان كردنی نرخی سووتەمەنی و بەنزین و زیاد كردنی بەشە سووتەمەنی هەرێمی كوردستانە بە پێی ماددە دەستوورییەكانی عێراق، بەڵام پەرلەمانتارە ئۆپۆزسیۆنەكان نەك واژوویان نەكرد، بەڵكو داوایان لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان دەكرد ئەم یاداشتە رەتكەنەوەو واژووی نەكەن، تا بۆیان رەخسا كۆسپیان بۆ دروستكرد، بەڵام دواجار هەوڵی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی سەری گرت و بڕیارە ئەمڕۆ یاداشتەكە بە 166 واژوو بگاتە سەرۆك وەزیرانی عێراق تا بڕیاری لەسەر بدات .
ئەم هەڵوێستەی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە شەقام و لای هاووڵاتییان نیگەرانییەكی زۆری لێكەوتەوە و ئەو راستییەیان بۆ روون بوویەوە كە ئۆپۆزسیۆن تەنها خەریكی دروستكردنی كۆسپن بۆ هەرێمی كوردستان و بە بەردەوامی لە سۆشیاڵمیدیا خەریكی رەخنە گرتنن، بەڵام كاتێك كار لەسەر چارەسەر كردنی كێشە و قەیرانەكان دەكرێت ئەوان رێگری لێ دەكەن.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەو پەرلەمانتارانە نەك بۆ بەنزین بەڵكو دژایەتی هەموو هەول و پڕۆژە و پێشڤەچوونەكانی كوردستان دەكەن .
دوێنی فراكسیۆنی پارتی 166 واژووی لە پەرلەمانی عێراق بۆ چارەسەری كێشەی بەنزین كۆ كردەوە و وەك یاداشتێك خستیە بەردەم عەلی زەیدی، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێك لەوانەی بەخۆیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن واژوویان نەكرد.


































































