ن/ جەلال مەحموود
ئەو هەڵوێستەی هەندێك لە پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا كە واژوویان لەسەر یاداشتی زیاد كردنی بەشە نەوتی هەرێمی كوردستانیان نەكرد، هیچ جێگەی شۆك نەبوو، چونكە ئەوان خاوەن هەڵوێستی راستەقینەی خۆیان نین و بەكار دەهێندرێن. ئەمەش بە پشت بەستن بە هەڵوێست و داواكانی رابردوویان ، لە بیرمانە هاواریان دەكرد پێویستە ناردنی مووچە راستەوخۆ لە لایەن بەغداوە بێت، لە كاتێكدا ئەمە ویست و سیاسەتی شۆفێنزمە عەرەبەكانی بەغدا بوو، لە پێناو لاواز كردنی پێگەی هەرێمی كوردستان و لێدان لە ئابووری هەرێم، هەر ئەوان بوون وەڤد لە دوای وەڤدیان دەناردە بەغدا بۆ بڕینی بووجە و مووچەی هەرێم، هەر ئەو ئاراستەیە لە بیر كردنەوەیە بوو هەوڵی رژدیان دا تا دەروازەكانی هەرێمی كوردستان لە دەست حكومەتی هەرێم نەمێنی، هەر ئەوان بوون داوایان كرد فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە دەست بەغدا بێت نەك هەرێم، لە هیچ شوێنیكی جیهان جگە لە خۆفرشان و بەكرێ گیراوان داتا و زانیارییەكان ناخەنە بەردەستی دووژمنان و ناحەزان، بەڵام پەرلەمنتارە كوردە بەناو ئۆپۆزسیۆنەكان بە شانازییەوە ئەو كارەیان كرد و بی شەرمانە لە راگەیاندنەكانەوە باسی دەكەن، لە كاتێكدا رەهەندی هەموو داواكارییەكانیان دەچێتە خانەی لاواز كردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، كاتێ وەڵاتێكیش ئابووری لاواز بوو ئیتر رووبەڕووی قەرانگەڵێك دەبێتەوە كە شەقام نیگەران دەكات و دواجار ئینتیمای نیشتمانی لاواز دەكات، ئەمە ویستی راستەقینەی داگیركەرانەو كەسانێك بە ناوی ئۆپۆزسیۆن هەر ناوێكی دیكە خزمەتی هەمان ئاراستەیە دەكەن.
ئەم جۆرە كەسانە هەمووکات دژی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دەجوڵێنەوە، نازانم كاتێ پەرلەمانتارە عەرەبەكان واژوویان لەسەر ئەو یاداشتە كرد كە لەبەرژەوەندی هەموو كوردستانیانە چۆن ئەوان شەرم داینەگرتن، چۆن دەبێ عەرەبەكان واژوو بكەن و بەڵام ئەندامی کورد دژی بێت؟.

































































