نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە پایتەختی سووریا و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی دیمەشق بە پرۆتۆكۆلێكی فەرمی پێشوازی لێكرا. دواتریش لە كۆشكی كۆماریی سووریا، ناسراو بە كۆشكی گەل، لەلایەن سەرۆككۆماری سووریاوە پێشوازیی لێكرا.
ئێستا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەحمەد شەرع، سەرۆككۆماری سووریا لە كۆبوونەوەدان.
لەكاتی پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، لە كۆشكی سەرۆكایەتیی سووریا، ناسراو بە كۆشكی گەل، بۆ یەكەمجار ئاڵای كوردستان بەرزكرایەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 03-08-2026 لە راگەیێندراوێكدا سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆككۆماری سووریا سەردانی دیمەشق دەكات.
وەكو لە راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دا هاتووە، لە سەردانەكەیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی سووریا كۆدەبێتەوە و پەیوەندییەكانی سووریا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئاسۆكانی هاریكاریی هاوبەش و دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن.

































































