گوتەبێژی حکوومەتی ئێران دەڵێت: کاتێک دوژمن هێرش دەکاتە سەر پاڵاوگەکان، کۆگاکانی نەوت، هێڵەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و تەنانەت دامەزراوەکانی وزە، ئاشکرایە ئامانجەکەی تەنیا تێکدانی چەند دامەزراوەیەکی پیشەسازی نییە، بەڵکو مەرامی تێکدانی ژیانی ئاسایی و رۆژانەی خەڵکی ئێرانە، هەر بۆیە ئاسایشی وزە بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی و یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکانی خۆڕاگریی وڵات.
فاتیمە موهاجیرانی گوتەبێژی حکوومەتی ئێران ئەمڕۆ شەممە 1ـی ئابی 2026، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە هەفتەکانی رابردوودا، پیشەسازیی نەوتی ئێران سەختترین رۆژەکانی تێپەڕاندووە، بەهۆی هێرشی سەر دامەزراوەکانی پارسی باشوور و پاڵاوگەی تاران کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی سووتەمەنی هەبووە.
گوتەبێژی حکوومەتی ئێران نا راستەوخۆ باسی لە سەرهەڵدانی قەیرانی سووتەمەنی لە وڵاتەکەی کرد، بەتایبەت کەمی بەنزین و گرفتی دابینکردنی بۆ هێڵەکانی ناوخۆی نێو شارەکان و یان نێوان شارەکان؛ ئاماژەیدا، هێرشی سەر کۆگاکانی نەوتی تاران و ئەلبورز، هەم توانای کۆگاکردن و دابەشکردنی سووتەمەنی بۆ تاران و پارێزگاکانی باکووری کەم کردووەتەوە، هەم زیانی بە هێڵەکانی گواستنەوەی بەرهەمەکان گەیاندووە.
گوتیشی: زیانگەیشتن بە پاڵاوگە و کۆگاکانی سووتەمەنی پرۆسەی گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ سەرتاسەری ئێران کردووەتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە سنوورداربوونی هاوردە بەهۆی جەنگ و گەمارۆی دەریایییەوە دروست بووە، ئەمەش فشاری زیاتری بۆ پرۆسەی دابینکردنی بەنزین دروستکردووە.
موهاجیرانی دەڵێت: لەم دۆخەدا دەبێت پێداچوونەوە بە پرۆسەی دابینکردنی بەنزین لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی دۆخی جەنگی سەپێنراو و پاراستنی ئاسایشی وزەی وڵاتدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکریت، بۆیە حکوومەت ناچارە بە وردیی زیاترەوە پارێزگاری لە سەرچاوەکانی وزەی وڵاتدا بکات، بەتایبەت کە دوژمن بەردەوامە لە ئامانجگرتنی ژێرخانە گرنگەکان.
گوتیشی: راستییەکی دیکە ئەوەیە کە تێچووی بەرهەمهێنان و دابینکردنی بەنزین، زۆر لە نرخی خستنەڕوو جیاوازە، سەرەڕای ئەمە رەنگە بەهۆی چاککردنەوەی ژێرخانە زیانپێگەیشتووەکان کاریگەریی زیاتر بخاتە سەر بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.































































