شارەزایەكی كەشناسی ڕایدەگەیەنێت، لەم 10 ڕۆژەی سەرەتای مانگی حەوتدا، بەرزترین پلەی گەرمی لە ئاستێكی جێگیردا دەبێت، پاشان شەپۆلی گەرمای بەتین دەست پێدەكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1/7/2026، ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی، لەبارەی كەشوهەوای ڕۆژانی داهاتوو، ڕایگەیاندووە: “لە كاتەكانی ئێوارەی ئەمڕۆوە، بای باکووری ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەرین چالاکتر دەبێت، بە خێرایی 15 کم تا هەندێک کات بۆ زیاتر لە 50 کم لە کاتژمێرێکدا.”
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “کاریگەریی ئەو بایە ناوبەناو بە چالاکی دەمێنێتەوە تا ئێوارەی سبەی پێنجشەممە 2/7/2026، پاشان ئاسایی دەبێتەوە.”
ئاراس جەبار سەبارەت بە پلەی گەرمی دەڵێت: “تا ڕادەیەک لەم 10 رۆژەی سەرەتای ئەم مانگەدا بەرزترین پلەی گەرمی لە ئاستێکی جێگیردا دەبێت، بەڵام پلەی گەرمی لە شەوان و بەرەبەیاندا کەمتر نزم دەبێتەوە، بەراورد بە رۆژانی ڕابردوو.”
لەبارەی شەپۆلی گەرمای بەتین، ئەو شارەزای كەشناسییە باسی لەوە كردووە، ئەگەری هەیە لە 11ی ئەم مانگەوە، شەپۆلی گەرمای بەتین دەست پێبکات.
































































