سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیاندا دۆسیەکانی نەوت، ئاو، پڕۆژەی “رێگەی گەشەپێدان” و هاندانی وەبەرهێنانیان تاوتوێ کرد
دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیاندا دۆسیە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد. لەو پەیوەندییەدا ئەردۆغان بانگهێشتی فەرمیی زەیدی کرد بۆ سەردانی ئەنقەرە کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تەممووزی داهاتوودا ئەنجام بدرێت.
بەپێی ئاژانسی (واع)، هەردوو سەرۆک بەدرێژی باسیان لە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی هێڵی بۆری کەرکووک-جەیهان کرد. جەختیان لەسەر هەماهەنگی هاوبەش کردەوە بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی گەیاندنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا.
سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، زەیدی و ئەردۆغان جەختیان لە گرنگی بەردەوامی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتن و رێککەوتنی هاوبەش کە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بپارێزێت. هەروەها باسیان لە واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی گاز و کشتوکاڵ کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی هاوبەشی ئابووری.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان پڕۆژەی “رێگەی گەشەپێدان” بوو، کە هەردوولا بە پڕۆژەیەکی زیندوو و ستراتیژییان وەسف کرد بۆ بەستنەوەی ئابووری و بازرگانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکە بە گشتی.
لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی کۆمپانیا تورکییەکانی کرد بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و بەشداریکردن لە پڕۆژە گەشەپێدانییەکاندا. بڕیاریشە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا زەیدی بە سەردانێکی فەرمی بگاتە ئەنقەرە بۆ یەکجاکردنەوەی ئەم دۆسیانە.

































































