ئەژین غەفار – زاری كرمانجی :
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ڕایگەیاند “نرخی هێلكە دابەزیوە و هۆكاری سەرەكیی ئەم دابەزینەش، كەمبوونەوەی خواست و دەستپێكردنی وەرزی گەرمایە.”
بەپێی زانیارییەكان، تا سەرەتای مانگی ڕابردوو نرخی كارتۆنی هێلكەی ١٢ شانەیی گەیشتبووە ٧٠ هەزار دینار، لە كاتێكدا دووكان و ماركێتەكان هەر شانەیەكیان بە نرخی ٧٠٠٠ تا ٧٥٠٠ دینار دەفرۆشت. بەڵام ئێستا نرخی هەمان كارتۆن بۆ ٤٥٠٠٠ دینار دابەزیوە، واتە هەر شانەیەك بە نزیكەی ٣ هەزار و ٧٥٠ دینار دەفرۆشرێت.
ناوبرا گوتی، “ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمدا شانەی هێلكەی ٣٠ دانەیی بە نرخی ٥ هەزار دینار دەفرۆشرێت، كە واتای ئەوەیە شەش هێلكە بە هەزار دینار دەفرۆشرێت. لە كاتێكدا پێشتر تەنها چوار هێلكە بە هەمان نرخ دەفرۆشرا.”
فیراس سدیق ئاماژەی بەوەش كرد، “لە وەرزی هاویندا بە شێوەیەكی ئاسایی خواست لەسەر هێلكە كەم دەبێتەوە، هەروەها پشووی هاوینە و داخستنی قوتابخانەكانیش كاریگەریی خستوەتە سەر بازار و بۆتە هۆی زیاتر دابەزینی نرخەكان”.
بەڕێوەبەرایەتی سامانی ئاژەڵ ڕاشیگەیاند، “هەموو هێلكەی بازاڕی هەرێم بەرهەمی ناوخۆیە و پێویستی بە هاوردەكردن نییە، چونكە بەرهەمی نێوخۆ زۆرە و نرخی لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە هەرزانترە.
ئێستا پڕۆژەكانی ناوخۆ ڕۆژانە نزیكەی ٢٠ هەزار كارتۆن هێلكە بەرهەم دەهێنن، لە كاتێكدا پێویستی بازاڕی ناوخۆ تەنها ٧ هەزار كارتۆنە. بەم شێوەیە ڕۆژانە ١٣ هەزار كارتۆن لە پێویستی ناوخۆ زیاتر بەرهەم دەهێندرێت و بڕە زیادەكە بۆ ناوچەكانی نێوەڕاست و باشووری عێراق هەناردە دەكرێت.”

































































