زاری کرمانجی – تەکنەلۆژیا
کۆمپانیای سپەیس ئێکس داواکارییەکی پێشکەشی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵیەکانی ئەمریکا (FCC) کردووە بۆ زیادکردنی هەندێک لە مانگە دەستکردەکانی نەوەی دووەمی ستار لینک کە جۆرێکی هاردوێریان بۆ زیاد دەکرێت بەهۆیەوە بەکارهێنەران دەتوانن راستەوخۆ ئینتەرنێتی ستار لینک بەکار بهێنن بێ هەبوونی هاردوێری ناو ما.
ئەم هاردوێرە فاکتەری پەیوەندی دەبێت لە نێوان مانگە دەستکردەکانی ستارلینک و مۆبایلی بەکارهێنەران، ئەمەش ئینتەرنێتی خێرایان بۆ دابین دەکات.
کۆمپانیای سپەیس ئێکس گڵۆپی سەوزی وەرگرتووە بۆ زیادکردنی ١٠ هەزار مانگی دەستکردی بچووکی خولگەی زەوی نزم بۆ پڕۆژەکەی لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، هیوادارە تا ساڵی ٢٠٢٤ بە هاوکاری کۆمپانیای T-Mobile خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بۆ مۆبایلەکان بخاتە بەردەست.
کۆمپانیای بۆشایی ئاسمانی ئیلۆن ماسک تا ئێستا 3500 مانگی دەستکردی نەوەی یەکەمی ستارلینکی بۆ پڕۆژەکەی زایاد کردووە و ڕەزامەندی FCCی وەرگرتووە بۆ ئەوەی پێش کۆتایی ئەم دەیە 7500 مانگی دەستکردی نەوەی دووەمی دیکە زیاد بکات.
کۆمپانیاکە بە زیادکردنی مانگە دەستکردەکان بەو هاردوێرە نوێیە، هیوادارە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دەنگ و پەیام و وێب گەڕان بۆ بەکارهێنەران بە زۆرترین خێرایی ١٨.٣ مێگابایت لە چرکەیەکدا دابین بکات.
لە کۆتاییدا ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلانەکە بڕوات، ئەوا کۆمپانیای سپەیس ئێکس دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٢٤ ئینتەرنێتێکی تەواو و بەردەوام بۆ مۆبایلە زیرەکەکان دابین بکات بە ٢٠٠٠ مانگی دەستکردی نەوەی دووەمی خۆی.