نوسینی و ئامادەکردنی: کرێکار قادر ڕوستایی
نوسەر و شارەزا و خاوەن بڕوانامە لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
سینەمەکی یەکێکە لە ناسراوترین ئەو گیایانەی لە پزیشکیی کۆن و هاوچەرخدا بۆ چارەسەری قەبزی بەکاردێت. سەرەڕای سوودە کاتییەکانی، بەڵام پشتگوێخستنی ڕێنماییەکان و بەکارهێنانی بەشێوازێکی هەڕەمەکی دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی درێژخایەن.
١_ تێکچوونی فیسیۆلۆژیای ڕیخۆڵە (Lazy Bowel Syndrome)
گەورەترین مەترسی سینەمەکی لەوەدایە کە دەبێتە هۆی “تەمەڵبوونی ڕیخۆڵە”. سینەمەکی کار دەکاتە سەر دەمارەکانی ناو دیواری ڕیخۆڵە بۆ ئەوەی گرژ ببن و پاشماوەکان بدەنە دەرەوە. بەکارهێنانی زیاتر لە ١٠ ڕۆژ وای لێ دەکات کە ڕیخۆڵە تەنها بە هاندەری کیمیایی کار بکات و توانای سروشتی خۆی بۆ پاڵنان (Peristalsis) لەدەست بدات.
٢_ مەترسییەکانی گیایی سینەمەکی بۆ سەر جگەر و گورچیلە توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ماددەی (Anthraquinones) کە لە سینەمەکیدا هەیە، ئەگەر بە بڕی زۆر بخورێت، دەبێتە هۆی ژەهراویبوونی خانەکانی جگەر (Hepatotoxicity). هەروەها بەهۆی دروستکردنی سکچوونی بەردەوام، فشارێکی زۆر دەخاتە سەر گورچیلەکان و مەترسی دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەکات.
٣_ گیایی سینەمەکی دەبێتە نەمانی هاوسەنگی ئەلیکترۆلیتەکان (Electrolyte Imbalance) ئەمە مەترسیدارترین زیانی سینەمەکییە. سکچوونی بەردەوام دەبێتە هۆی لەدەستدانی پۆتاسیۆم لە جەستەدا. دابەزینی ئاستی پۆتاسیۆم دەبێتە هۆی:
تێکچوونی لێدانی دڵ (Arrhythmia) و لاوازبوونی ماسولکەکان.
تێکچوونی باری دەروونی و هەستکردن بە ماندوێتی توند.
٤_ کاریگەری هەیە لەسەر قۆڵۆن (Melanosis Coli) بەکارهێنانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەبێتە هۆی گۆڕانی ڕەنگی دیواری ناوەوەی قۆڵۆن بۆ ڕەنگی قاوەیی تێر یان ڕەش. هەرچەندە ئەم حاڵەتە زۆرجار مەترسی شێرپەنجەی نییە، بەڵام نیشانەیە بۆ ئەوەی کە خانەکانی قۆڵۆن تووشی تێکچوون و هەوکردن بوون.
کێن ئەو کەسانەی کە نابێت سینەمەکی بەکاربێنن؟
١_ منداڵانی خوار تەمەن ١٢ ساڵ مەترسی وشکبوونەوەی توندی جەستەیان لێ دەکرێت.
٢_بۆ ژنانی دووگیان نابێت، چونکە دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان و مەترسی لەبارچوون.
٣_ ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان هەیە، چونکە سینەمەکی ئاستی پۆتاسیۆم لە خوێندا کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی لێدانی دڵ و مەترسی بۆ سەر ژیانیان دروست دەکات
٤_ ئەو کەسانەی نەخۆشی هەوکردنی قۆڵۆنیان هەیە نیشانەکانیان توندتر دەکات.
تێبینی : سینەمەکی پێویستی بە ٦ بۆ ١٢ کاتژمێر هەیە تا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت، بۆیە باشترین کات بۆ خواردنەوەی شەوانە پێش خەوتنە، ڕەنگە میزت بگۆڕێت بۆ نارنجی یان قاوەیی سوورباو، ئەمە ئاساییە و پاش وەستاندنی گیاکە چاک دەبێتەوە، بەکارهێنان بۆ کێش دابەزاندن، هەرگیز سینەمەکی بۆ کێش دابەزاندن بەکارمەهێنە؛ چونکە تەنها ئاوی جەستەت کەمدەکاتەوە نەک چەوری، و زیانی توند بە جەستەت دەگەیەنێت.بۆیە واباشتر و چاکتر و تەندروسترە پێش پەنابردن بۆ سینەمەکی، هەوڵبدە لە ڕێگەی خواردنی میوە (هەنجیر و قەیسی)، سەوزەوات و ئاوخواردنەوەی زۆر کێشەی قەبزی چارەسەر بکەیت، ئەگەر دەرمانی دڵ، دەرمانی میزپێکردن، یان دەرمانی دژە مەیینی خوێن بەکاردێنیت، بەبێ ڕاوێژی پزیشک سینەمەکی مەخۆ.

































































