زاری كرمانجی-سۆران
بەبۆنەی ٣ــی ئایار رۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەنووسی، سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان پابەندی خۆی بە بنەماكانی داكۆكی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و گوتارێكی میدیایی پرۆفیشناڵی بەرپرسیارانە و دەست گەیشتن بە زانیاری دووپات دەكاتەوە، كە بنەمای هەر سیستمێكی دیموكراسی راستەقینەیە.
بۆردی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان، لەو بۆنەیەدا كۆششی رۆژنامەنووسانی كوردستان بەرز دەنرخێنێ، كە بە بەردەوامی لەسەر هێڵی رۆژنامەگەریی پرۆفیشناڵ و پیشەیی كاری رۆژنامەنووسی و میدیایی خۆیان بەڕێوەدەبەن. هەروەها داوا لە سەرجەم لایەن و دامەزراوەكانی فەرمیی دەكەین رێز لە یاسای رۆژنامەگەری ژمارە 35ی ساڵی 2007 و یاساكانی دیكەی هاوشێوە بگرن، كە ئازادیی میدیایی و رادەربڕین لە كوردستان دەستەبەر دەكات.
بۆردی داكۆكی، جەخت لە پێشكەوتنی بواری میدیایی لە هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، كە پەیوەندیدارە بە بەهێزبوونی بنەمای پیشەیی رۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان.
لە هەمانكاتدا بۆردی داكۆكی لەرۆژی جیهانیی ئازادیی رۆژنامەنووسی، رایدەگەیێنێت، ژمارەی پێشێلكاری لە ماوەی چارەكی یەكەمی 2026 زۆر كەمترە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو،ئەمە جێی خۆشحاڵییە، بەڵام ئاماژە بە بەرزبوونەوەی گوتاری دژبەیەكی سیاسی و حزبی لە هەندێك كەناڵی تیڤی و سەكۆی ئەلیكترۆنیی میدیایی دەكات، كە بووەتە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتییانی كوردستان.
بۆردی داكۆكی داوا لە بەرپرسانی ئەو كەناڵ و سەكۆ میدیاییانە دەكات ، هەرچی زووە بگەڕێنەوە بۆ كاری پیشەیی میدیایی، خۆیان لە جەمسەرگیریی حزبی و سیاسی بەدوور بگرن.
داوا لە هەموو لایەنێكی پەیوەندیدار دەكات بەیەكەوە بەردەوامبن لە داكۆكی و پاراستنی ئازادیی میدیا لە هەرێمی كوردستان، بەوپێیەی دەستەبەریی بنەڕەتیی مافی هاووڵاتییان و ئاییندەی دیموكراسی سەقامگیرە.
بۆردی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان
3ی ئایاری 2026

































































