لەژێر ڕۆشنایی ئەمر و ڕاسپاردەكانی بەڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ گرنگیدان بە گەنج و لاوان، لە درێژەی ئەنجامدانی كار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ خزمەت كردنی هاووڵاتیان، بە بڕیاری بەڕێز مەلامستەفا بارزانی، پڕۆژەیەكی گەورەی وەرزشی وەك دیاری پێشكەش بە لاوان و وەرزشوانانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لقی ١٠ و ٢٦ـی گوڵان كرا، كە پڕۆسەی بنیاتنان و نۆژەنكردنەوەی ١٧ یاریگای وەرزشی لە خۆ گرتبوو بە بەرزترین كوالێتی و مۆدێرنترین شێواز تەواوكران و ڕادەستی وەرزشوانانی دەڤەرەكە كران.
ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەلامستەفا بارزانی، بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ـی نیسانی ٢٠٢٦، لە شاری سۆران لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی سیروان حەسكۆ، بەرپرسی نووسینگەی بەڕێز مەلامستەفا بارزانی و هەر یەكە لە بەرپرسانی لقی ١٠ و ٢٦ـی گوڵانی پارتی، بەرپرسی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سكرتێری یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان، بەرپرسانی حزبی و ئیداری، ژمارەیەكی زۆر لە وەرزشوانان و هاووڵاتیان، ئەم یاریگایانە پێشكەش بە گەنجان و لاوانی سنوورەكە كران.
هەر لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە لەم پڕۆژەیەدا گەنجانی زیاتر لە ٥٥٣ گوند و شار و شارۆچكەی سنووری ئیدارەی سۆران سوودمەند دەبن. جێی باسە، لە ماوەی ڕابردوو لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان ٢٢ یاریگا نۆژەن كرابوونەوە و خراونەتەوە خزمەت گەنجان، بەمەش كۆی ئەو یاریگایانەی كە دروست كراون و نۆژەن كراونەتەوە، ژمارەیان گەیشتە ٣٩ یاریگا كە پێشكەش بە گەنجان و لاوانی هەرێمی كوردستان كراون.
ئەو یاریگایانەی كە ئەمڕۆ ڕادەستی وەرزشوانان كران بریتین لە:
-قەزای ناوەندی سۆران:
یاریگای ناوەندی وەرزش و لاوانی سۆران، یاریگای گەورەی (سەروچاوە) سەر بە ناحیەی دیانا.
-قەزای ڕواندز:
یاریگای ناوەندی وەرزش و لاوانی ڕواندز، گوندەكانی دەرگەڵە، بەرزێوە، ئاكۆیان و پیرسوان.
-قەزای خەلیفان:
یاریگای وەرزشی ناوەندی لاوانی خەلیفان، ناحیەی سرێشمە و گوندەكانی جۆنەرە، كەلەكین.
-قەزای چۆمان:
یاریگای وەرزشی ناوەندی قەزای چۆمان، ناحیەكانی قەسرێ، گەڵاڵە، سمیلان و حاجی ئۆمەران.
-قەزای سیدەكان:
یاریگای ناوەندی وەرزش و لاوانی سیدەكان.

































































