سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا داوای لە فراكسیۆنی پارتی كرد بگەرێنەوە پەرلەمان، بۆ ئەم مەبەستەیش لیژنەیەك دەنێرێتە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتیی پەرلەمان داوای لە سەرۆك فراكسیۆنەكان كرد كە لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن و ئەركی سەرەكیی ئەم لیژنەیە گفتوگۆكردن دەبێت لەگەڵ پارتی، كە ماوەیەكە لە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دووركەوتوونەتەوە.
بڕیار دراوە كە لیژنە پێكهێنراوەكە سەردانی فراكسیۆنی پارتی بكات بۆ تاوتوێكردنی ئەو كێشە و ئاستەنگانەی بوونەتە هۆی بایكۆتكردن، یان بەشداری نەكردنیان لە دانیشتنەكاندا.
لە 18ی نیساندا، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەنراوێكی فەرمیدا، هەڵوێستی كۆتایی خۆی بەرانبەر بە دۆخی ئێستەی پەرلەمان راگەیاند و بڕیاری دا بە شێوەیەكی كراوە و تا كاتێكی نادیار، بایكۆتی سەرجەم كۆبوونەوەكانی پەرلەمان بكات.

































































