زاری كرمانجی :
لە پارێزگای رووهای باكووری كوردستان، هێرشكارێك كە پێشتر قوتابی قوتابخانەكە بووە بە چەكەوە چووەتە نێو قوتابخانەیەكی ئامادەیی و دەستڕێژی گوللـەی كرد و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، لانیكەم 16 كەس بریندار بوون و لە كۆتایدا هێرشكارەكە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، لە شارۆچكەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای رووها، كەسێك كە پێشتر قوتابی قوتابخانەكە بووە هێرشی كردە سەر ئامادەیی پیشەیی و تەكنیكیی ئەنادۆڵی ئەحمەد كۆیونجو لە گەڕەكی حەسەن چەلەبی.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند “بەرەبەیانی ئەمڕۆ كەسێك بە ناوی ئە.ك.، لەدایكبوی ساڵی 2007، هێرشێكی چەكداری بۆ سەر ئامادەیی پیشەیی و تەكنیكی ئەحمەد كۆیونجوی ئەنادۆڵ لە ناحیەی سوێرەگ ئەنجامدا. بەپێی دەرئەنجامە سەرەتاییەكان، لە هێرشەكەدا ١٠ خوێندكار و ٤ مامۆستا و ئەفسەرێكی پۆلیس و كرێكارێكی كافتریا برینداربوون .”
بە گوێڕەی میدیاكانی ئەو وڵاتە هێرشكارەكە بەر لە كەوتنە دەستی پۆلیس كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە .

































































