زاری کرمانجی :
وەزیری كارەبا و سامانە سروشتییەكان ئاشكرای دەكات، بۆ چارەسەركردنی كێشەی غازی ماڵان ئێستا رۆژانە 120 تۆن غاز بەرهەم دەهێنرێت و ئەم كێشەیە بەرەو چارەسەر كردن دەچێت. دەشڵێت: “85%ی هەرێمی كوردستان خاوەنی كارەبای 24 كاتژمێرییە و نرخی كارەباش لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان یەكخراوە.”
لە راگەیاندراوێكدا وەزارەتی کارەبا، بڵاوی كردەوە ئەمڕۆ شەممە 4ی نیسانی 2026؛ کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا بە یاوەری د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆخی کارەبا و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی كارەبا لە پارێزگای دهۆك، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای دهۆکی كرد.
ئاماژە بەوە دراوە، لەو دیدارەیدا وەزیری كارەبا لەگەڵ پارێزگاری دهۆک تاوتوێی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی كارەبا سەنتەری شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری کرا، بە ئامانجی دابینکردنی کارەبایەکی 24 كاتژمێری و فراوانكردنی پرۆژەی ڕووناكی بۆ هاووڵاتییان و جەخت لەسەر ئاسانکاری بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و باشترکردنی کاروباری فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی كارەبا کرایەوە.
ئەوەشی گوت: “وەزارەتی كارەبا تەنیا پشتی بەیەك سەرچاوەی كارەبا نەبەستووە و سەرچاوەكانی كارەبا جۆراوجۆرن، بۆ نموونە لەكاتی ڕاوەستانی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆڕمۆر ئێمە كارەبامان كەم بووەوە بەڵام ڕانەوەستا.”
سەبارەت بەكێشەی غاز و نەوت وەزیری كارەبا كە هاوكات وەزیری سامانە سروشتییەكانە بەوەكالەت گوتی: “شەڕ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەرییەكانی هەموو ناوچەكە و بگرە جیهانی گرتووەتەوە، ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت و غاز كەمی كوردووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵەكانی چارەسەركردنی كێشەی غازی ماڵان بەردەوامین و رۆژانە 120 تۆن غاز لەو كێڵگەیە بەرهەم دەهێنرێت و هەوڵەكانمان بەردەوامە بۆ دابینكردنی گازی ماڵان و ئەم كێشەیە بەرەو چارەسەر كردن دەچێت.”

































































