نووسین و ئامادەکردنی : کرێکار قادر ڕوستایی
نووسەر و شارەزا لەبواری چارەسەری پزیشکی تەواوکاری
کەڵەشاخ پرۆسەیەکی پزیشکی و خۆپارێزیی سروشتییە، کە زانستی سەردەم وەک ڕێگەیەک بۆ هاوسەنگکردنەوەی بایۆلۆژیی جەستە و پاککردنەوەی سوڕی خوێنە، ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە وەرزی بەهاردا گرنگییەکی فسیۆلۆژی تایبەتی هەیە؛ چونکە هاوشان لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشت، جەستەی مرۆڤیش پێویستی بە ڕزگاربوون لە پاشماوە و خانە بەتەمەنەکان و پاشماوە کیمیاوییە کەڵەکەبووەکانی ژێر پێست، وەرزی بەهار بەهۆی مامناوەندیی پلەی گەرمی و گۆڕانکارییە فسیۆلۆژییەکان، بە باشترین کات دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی کەڵەشاخ تێیدا، چونکە لەم وەرزەدا ئەو گۆڕانکاریە
کیمیاییانەی لەناو جەستەدا ڕوودەدەن بۆ گۆڕینی خۆراک و هەوا بۆ وزە، یان جەستە ئەو خانە و پێکهاتانەی کە تەمەنیان بەسەرچووە یان کارامەییان نەماوە، پارچەپارچە دەکات بۆ ئەوەی شوێنیان بۆ خانەی نوێ و چالاک بکاتەوە.
سودە زانستییەکانی ئەنجامدانی کەڵەشاخ لە وەرزی بەهاردا :
١_ کەڵەشاخ یارمەتیدەرە لە دەرهاویشتنی خڕۆکە سوورە بەتەمەنەکان (Senescent RBCs) و پاککردنەوەی جەستە لە ماددە ژەهراوییەکانی وەک هیمۆگلۆبینی میکاڵ و پاشماوەی میتاڵە قورسەکان کە لە ژێر پێست نیشتوون.
٢_ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە، ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی هاندانی خڕۆکە سپییەکان و چالاککردنی لیمفەخانەکان، کە بەرگری جەستە دژی هەوکردن و نەخۆشییە وەرزییەکان بەهێز دەکات.
٣_ کەڵەشاخ یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی ڕێژەی چەورییە زیانبەخشەکان و هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن، وە لۆد لەسەر دیوارەکانی خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان کەم دەکاتەوە، ئەمەش یارمەتی هاوسەنگکردنی پەستانی خوێن و کەمکردنەوەی چەورییە زیانبەخشەکان (Cholesterol & Triglycerides) دەدات
٤_ کەڵەشاخ کاریگەری هەیە بۆ کۆئەندامی دەمار و مێشک
کاردەکاتە سەر هاندانی ئەو دەمارانەی دەبنە هۆی” دەردانی هۆرمۆنی ئیندۆرفین و ئینکیفالین کە ئازارشکێنی سروشتین، وە ڕێکخستنەوەی سیستەمی دەماری ” پاراسیمپاسێتیک” (Parasympathetic) کە یارمەتی حەسانەوەی جەستە دەدات و لێدانی دڵ هاوسەنگ دەکاتەوە، هانی نەمانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەدات.
٥_ کەڵەشاخ ئاستی ترشێتی و تفتێتی خوێن (pH) لە نێوان (7.35 بۆ 7.45) دا ڕابگرێت. لادان لەم هاوسەنگییە بەرەو لایەنی “ترشێتی” دەبێتە هۆی تێکچوونی فرمانە بایۆلۆژییەکان. کەڵەشاخ لەم ڕووەوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە بۆ “دەرهاویشتنی پاشماوە ترشەکانی ئەو خوێنەی لە ڕێگەی کەڵەشاخەوە دەردەچێت، دەوڵەمەندە بە پاشماوەی میتابۆلیزمی وەک ترشی لاکتیک (Lactic acid) و ترشی یۆریک (Uric acid). کۆبوونەوەی ئەم ترشانە لە ناو خانەکاندا دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندووبوونی بەردەوام و ئازاری جومگەکان، بە لادانی ئەو خوێنە پڕ لە پاشماوەیە، جەستە دەرفەتی بۆ دەڕەخسێت کە هاوسەنگیی شلەمەنییەکان ڕێکبخاتەوە و ئاستی
ترشێتی(pH) بەرەو لایەنی تفتێتییەکی تەندروست بەرێت، ئەنزیمەکان و هۆرمۆنەکانی جەستە تەنها لە ژینگەیەکی هاوسەنگدا بە باشی کار دەکەن. کاتێک جەستە لە “ترشێتی زیادە” ڕزگاری دەبێت، کارلێکە کیمیاییەکان خێراتر دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی باشتربوونی هەرس، خەوێکی ئارامتر، و نوێبوونەوەی خێرای خانە تێکچووەکان.
٦_ لە پرۆسەی کەڵەشاخدا، پێست گەورەترین ئەندامی دەرهاویشتنە لە جەستەدا، پێست وەک پاڵاوگەیەکی دەرەکی کار دەکات لە ڕیگەی”
دەرهاویشتنی ڕاستەوخۆی ژەهرەکان و پاشماوە میتابۆلییەکان پێش ئەوەی بگەنە ئەندامە ناوەکییەکان، ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی پێستەوە فڕێ دەدرێنە دەرەوە، پشوودانی جگەر و گورچیلە، بە لادانی “خوێنی نیشتوو” و پاشماوە کیمیاییەکان، باری سەرشانی جگەر و گورچیلەکان سووک دەبێت، ئەمەش توانای کارکردنیان لە فلتەرکردنی خوێندا چەند هێندە زیاد دەکات، پاککردنەوەی ژینگەی خانەکان، کەڵەشاخ شلەی نێوان خانەکان لە ژەهر پاک دەکاتەوە، ئەمەش وادەکات ئۆکسجین و خۆراک خێراتر بگەنە خانەکان و جەستە چالاکتر ببێتەوە.
تێبینی : کەڵەشاخ لەهەر چوار وەرزی ساڵ دەکرێت بەبێ جیاوازی، لەهەموو وەرزەکانی ساڵ سود و گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، وە شیکارییە تاقیگەییەکان دەیسەلمێنن کە ئەو خوێنەی لە پرۆسەی کەڵەشاخدا دەردەچێت، لە ڕووی فیزیکی و کیمیاییەوە بە تەواوی جیاوازە لە خوێنی ناو دەمارەکان؛ ئەم خوێنە خەستترە و ڕێژەیەکی زۆری ژەهرەکان، پاشماوە تێکشکاوەکان و نیشتووەکانی تێدایە، ئەمەش دەبێتە هۆی چالاککردنەوەی ئاڵوگۆڕی خۆراک و ئۆکسجین لە قووڵایی خانەکاندا.

































































