بریتانیا بیر لەوە دەکاتەوە کەشتییەکی جەنگی گەورە بۆ قوبرس بنێرێت، بە مەبەستی بەرگریکردن لە بنکەیەکی هێزی ئاسمانی شاهانە لە بەرامبەر مەترسیی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و موشەکەکانی ئێران.
لە ئێستادا گفتوگۆکان سەبارەت بە جێگیرکردنی کەشتییەکی جەنگی لە قوبرس بەڕێوەدەچن، بۆ پاراستنی بنکەیەکی هێزی ئاسمانی شاهانە لە هەر ئەگەرێکی هێرشی درۆنی یان موشەکیی ئێران.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری بریتانیا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کردووە: “لە ئێستادا تاوتوێی ناردنی کەشتییەکی جەنگی دەکەین بۆ قوبرس”، بەڵام جەختی کردەوە کە تا ئێستا هیچ شتێک بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هاوکات، جۆن هیلی، وەزیری بەرگری بریتانیا، لەگەڵ سەرۆکە سەربازییەکان کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی زیادکردنی پاراستنی بنکەی (ئاکرۆتیری)، ئەوەش دوای ئەوەی شەوی یەکشەممە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لەو ناوچەیە کەوتە خوارەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی “تایمز”ی بریتانی بڵاویکردەوە کە وەزارەتی بەرگری بەنیازە کەشتیی (HMS Duncan) بۆ ناوچەکە بڵاوبکاتەوە، ئەم هەنگاوەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.

































































