محەممەد مەحموود- زاری کرمانجی :
دوای ئەوەی دوێنێ لە سنووری شارەوانی رواندز پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی دەستی پێکرد و له قۆناغی یەکەم 500پارچە زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانە دابەشکرا کە کۆی خاڵەکانیان 33 ێ خاڵ بەسەرەوە بوو ، لای خۆیەوە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش رایگەیاند له چەند ڕۆژی داهاتوو لە تەواوی قەزاکانی ئیدارەی سۆران قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکات.
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردکاری پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی سۆران راگەیاندو ئاماژەی بەوەکرد” دوای ئەوەی لە رواندز وەک یەکەم قەزای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستمان کرد بە دابەشکردنی زەوی ، ئەوەش لە ژێر ڕێنمایی و بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوو لە تەواوی قەزاکانی تری سنووری ئیدارەی سۆران قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوی دەست پێدەکات”.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ، باسی لەوەشکرد ” سیستەمی تیروپشک و خاڵبەندی پەیڕە و دەکرێت بە پێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی شارەوانی، فەرمانبەران و هاووڵاتییانیش دڵنیا دەکەمەوە پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەردەوام دەبێت، بە پشت بەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بۆ ئەو زەویانەی لەبەر دەستن بەهان شێواز دابەش دەکرێن.

































































