مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
21 ڕێكخراوی چاودێری و مافی مرۆڤی جوو لە ئەورووپا و ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەدا هاوسۆزی و پشتیوانی خۆیان بۆ كورد دەربڕیوە دژ بەو توندوتیژییانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەرامبەریان ئەنجام دراون.
بەگشتی ڕێكخراوەكان لە بەریتانیا و ئەڵمانیا و دانیمارك و ئیسرائیل و چەندین وڵاتی تر كار دەكەن، لە ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن “نیگەرانی زۆر دەردەبڕین لە بەرامبەر ئازارەكانی خەڵكی كورد لە سووریا و ناوچەكە، لە نێوانیاندا ڕاپۆرتەكان سەبارەت بە ڕفاندن و دەربەدەركردنی بە زۆرەملێ. ئێمە لەپاڵ گەلی كوردین لە تێكۆشانەكەی بۆ شكۆمەندی و ئاسایش و چارەی خۆنوسین.”
هاوكات 21 ڕێكخراوەكە لە ڕاگەیاندراوەكەیاندا پشتگیری خۆشیان بۆ خەڵكی ئێران نیشان داوە و دەڵێن “ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕێگەی كوشتن و گرتن و هەڕەشە وەڵامی داواكاری خەڵكی ئێران بۆ ئازادی داوەتەوە،” جەخت لەوەش دەكەنەوە كە هەڵوێستەكەیان سەرچاوەی گرتووە لە بەها جیهانییەكانی ئازادی و شكۆمەندی و مافی چارەی خۆنوسین.
ڕێكخراوەكان باسیان لەوەش كردووە “كۆمەڵگەكانی جوو و خەڵكی ئیسرائیل لە واتای چەوسانەوە تێ دەگەن و لەگەڵ كورد و ئێرانییەكان و هەموو ئەو كەمینانە دەوەستنەوە كە هەوڵ دەدەن بە ئازادی و ئاسایش بژین.”
داواش لە وڵاتانی جیهان، بە تایبەت ئەورووپا دەكەن كە سەركۆنەی سەركوتكارییەكان بكەن و پارێزگاری لە كەمینەكان و بزووتنەوە ئاشتیخوازەكان بۆ ڕزگاری بكەن.
لەگەڵ ئەوەش كوردانی جووی دانیشتووی ئیسرائیل، هەوڵ دەدەن پرسی كورد لە سووریا ببەنە ناو پەرلەمانی وڵاتەكەیانەوە تاوەكوو لەوێ بە فەرمی دان بنرێت بەوەی كۆمەڵكوژی بەرامبەر كورد لە سووریا كراوە و بە تایبەتی لە ناوچەی حەلەب.































































