وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر تەرخانکردنی پارچە زەوی بۆ دوو هەزار فەرمانبەر و خانەنشینی سەربازی و شارستانی لە وەزارەتە جیاوازەکان.
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند: “ڕۆژی 19ی 1ی 2026، ڕەزامەندی فەرمی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لیستێکی نوێ گەڕاوەتەوە کە ناوی نزیكەی دوو هەزار فەرمانبەر و خانەنشینی (شارستانی و پێشمەرگە)ی تێدایە و بەمەش ئەو کەسانە بە فەرمی دەبنە سوودمەند لە بڕیاری پێدانی زەوی.”
سەبارەت بە ڕێکارە کارگێڕییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە دەستیان کردووە بە ناردنی نووسراوی فەرمی بۆ شارەوانییە پەیوەندیدارەکان. پرۆسەی دابەشکردنەکەش بەپێی “کارتی زانیاری” دەبێت و هەر فەرمانبەرێک لە سنووری ئەو شارەوانییەی لێی نیشتەجێیە، زەوییەکەی بۆ تەرخان دەکرێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی ئاشکرای کرد کە تا ئێستا زیاتر لە هەشت وەجبە لیست ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و کۆی گشتی ئەو ڕەزامەندییانەی بۆ تەرخانکردنی زەوی گەڕاونەتەوە، گەیشتووەتە نزیکەی 492 هەزار فەرمانبەر، پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینان.

































































