وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەی دەستپێکردنی دانوستاندنە لەگەڵ ئەمریکا بەو مەرجەی دانوستاندنەکە دادپەروەرانە بێت.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە 12-01-2026 لە کۆبوونەوە لەگەڵ باڵیۆزی وڵاتان لە تاران گوتی، تاران ئامادەیە بۆ ئەوەی پرسی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا بە دانوستاندن چارەسەر بکات، بەڵام بەو مەرجەی دانوستاندنەکە دادپەروەرانە بێت و دوو لایەن مافی یەکسانیان هەبێت.
لەبارەی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ هێرشکردنەسەر ئێرانیش، عێراقچی گوتی، ئەوان خوازیاری شەڕ نین، بەڵام هاوکات ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ شەڕ و دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیشی دەکاتەوە وڵاتەکەی دەستپێشخەری بکات لە هێرشکردنە سەر بنکە و هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا.

































































