د. موحەممەد گەڵاڵەیی
بەپێی بەڵگەنامەیەکی عوسمانی کە لە چوارچێوەی تەلەگرافێکدا نووسراوەتەوە و لە سەنجەقی کەرکوک بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی عوسمانی بە ڕێگەی دیاربەکرەوە نێردراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی ١٩ی تەشرینی دووەمی ١٣٢١ی ڕۆمی بەرانبەر بە ٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٠٥زایینی.
تەواوی بەڵگەنامەکە:
یەکەم: باسی باجی دەیەکی بەدەستھاتوو لە گوندی بەحرکەی سەر بە شاری ھەولێر دەکات کە لە ساڵی دارایی ١٣١٩ی ڕۆمی-١٩٠٣زایینی نزیکەی دوو ھەزار قرۆش بووە، ھەروەھا بۆ ساڵی دارایی ١٣٢٠ی ڕۆمی-١٩٠٤ی زایینی، ھەمان بڕی داھات کۆکراوەتەوە!
دووەم: نووسەری باج لە سەنجەقی کەرکوک کە سەر بە ویلایەتی مووسڵەوە بووە، بە ناوی (عوسمانی کاتب)، لە بروسکەکەی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەتی عوسمانی لە ئیستانبۆڵ، خەمڵاندنێکی دیکەی بۆ باجی دەیەکی گوندی بەحرکە کردووە کە نزیکەی (٥٠٠٠٠) قرۆش بووە.
سێیەم: نووسەری بروسکەی تەلەگرافەکە ئەوەیشی خستۆتەسەر، کە داھاتی باجی دەیەکی گوندی بەحرکە نزیکەی (٥٠٠٠٠-٦٠٠٠٠) قرۆش کەمی کردووە، ئەمەش بە ھۆی خراپ بەکارھێنانی داھاتی باجی دەیەک بووە.
چوارەم: عوسمانی کاتب داوای لە سەرۆکایەتی حکوومەت و وەزارەتی گەنجینەی عوسمانی کردووە، کە ڕێککاری قانوونی لە ھەمبەری ونبوونی ٥٠-٦٠ ھەزار قرۆش لە داھاتی باجی دەیەکی گوندی بەحرکە بگرنەبەر!
باجی دەیەک چییە؟
ئەم جۆرە باجە لە بەرھەمە دانەوێڵەییەکان لە سنوورەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی وەرگیراوە، بە تایبەتی لە بەرھەمەکانی وەک: گەنم و جۆ، بەرھەمی دار و درەخت و سەوزەواتیش، بۆ نموونە لە ویلایەتەکانی عێراقی سەردەمی عوسمانی وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، ھەتا باجی دەیەک لە زەوییەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی گەیشتۆتە نزیکە لە (١٧.٥٪) کۆی ھەر بەرھەمێک، جا ئەمە سەری دەکێشا بۆ ئەوەی جووتیارەکان بە پاڵپشتی خاوەن زەوی و موڵکدارەکان کۆی بەرھەمی خەمڵێندراو لەو کارمەندانەی عوسمانی بشارنەوە، کە کاریان ڕووپێوی زەوی و تۆمارکردنی بەرھەمە خەمڵێندراوەکان بووە، چونکە نووسەرانی خەمڵاندن لە قازانجیان بووە، کە چەندە بەرھەم و داھاتی خەمڵێندراوی زیاتر بنووسن، ئەوا بڕ و پشکەکەی ئەوانیش لەو داھاتەی لە داھاتوو کۆ دەکرێتەوە زیاتر دەبێت! ھەر بۆیەش لەو بەڵگەنامەیەدا عوسمانی کاتب لە کەرکوکەوە دەڵێت: بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتەکەمان(گەنجینەی عوسمانی) ئەو بڕی داھاتی باجی دەیەک نزیکەی پەنجا ھەزار قرۆش بووە!
بۆچی گوندی بەحرکە؟
گوندی بەحرکە خاوەن زەوی و زارێکی زۆر و بەپیتی کشتوکاڵی بووە، ھەتا ئەم ساتەوەختەش نزیکەی بیست و دوو ھەزار دۆنمی شیاوی بۆ بەرھەمی کشتوکاڵی ھەیە! ئەمە سەرچاوەیەکی گەورەی بژێوی بۆ خەڵک و داھاتیش بۆ گەنجینەی عوسمانی بووە لەو سەردەمیدا.
لە کۆتاییدا:
سیاسەتی ئابووریی عوسمانییەکان، سیاسەتی ڕیشەکێشکردنی سەروەت و داھاتی کوردستان بووە، کە ئەم بەڵگەنامەیە دەریدەخات چۆن سامانی کوردستان بۆ ئیستانبۆڵ بردراوە؟ بەڵام سەرەڕای ھەموو ئەمانەش ئەگەر زێدەڕۆیش نەبێت، ئەوا خزمەتگوزارییە گشتییەکانیش بۆ خەڵک بە گشتی لە ئاستی سفردابوونە! بارودۆخەکەی کوردستان ئەو پەندە کوردییەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت: کە خەڵکی ئەوکاتی کوردستان، لە قەلێش و لە کۆترێش بوونە!
سەرچاوەکان:
یەکەم: کتێبی بەڵگەنامەیی بە زمانی تورکی عوسمانی و عەرەبی:
١-أ.د.هیرش عمر عبدالله واڵاخرون، وثائق أربیل فی العهد العثمانی، من منشورات مۆسسە كوردستان كرونیكل ومركز فامر للدراسات العثمانیە فی إسگنبول، ٢٠٢٥.
دووەم: کتێب:
د. عەبدوڵڵا غەفوور، فەرھەنگی جوگرافیایی ھەولێر، چاپخانەی حاجی ھاشم، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیـمیای کوردی، ھەولێر، ٢٠١٥.
سێیەم: پێگەی ئەلیکترۆنی:
أ. د. عدنان القطان، الضرائب والرسوم فی العراق خلال العهد العثمانی، لە پێگەی ئەلیکترۆنی(https://rasammerkezi.com/estimate-position/8273/amp/)، کاتی بڵاوبوونەوەی ٢٠٢٠، دوایین سەردانی سایت: ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥.
*پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە مێژووی نوێ و ھاوچەرخ لە زانکۆی سۆران.


































































