زاری کرمانجی :
یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، لەسەر ڕەچاوکردنی رێکاری شەرعی گۆڕهەڵکەندن و ناشتنی مردوو و گۆڕستانەکان نوسراوێک ئاڕاستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گووتەبێژی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، بە زاری کرمانجی گووت:” دوای ئەوەی کۆمەڵێک هاوڵاتی گلەیی ئەوەیان کرد، کە لە بەشێک لە گۆڕستانەکان رێکاری پێویستی شەرعی بەتایبەت چاودێری کردنی رووی (قیبلە) لەکاتی ناشتنی مردووی موسڵمانان ناکرێ، یەکێتی زانایان لەم بارەوە نوسراوێک بە ژمارە 1238 ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار دەکات.
لە نوسراوەکە هاتووە: ئاماژە بە کۆنوسی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای فەتوا تکامان وایە رەزامەندی بفەرموون بە ئاگادارکردنەوەی سەرپەرشیاری گۆڕستانەکان کە لە کاتی ناشتن و گۆڕ هەڵکەندن بۆ مردووان چاودێری رووی (قیبلە) بکەن، چونکە بەداخەوە کەمتەرخەمی لەم بوارە لە هەندێ لە گۆڕستانەکان هەست پێ دەکرێت.
لە بەشێکی تری ئاماژەبەوەدراوە: بەمەبەستی دووبارە نەبوونەوەی ئەم حاڵەتە بە پێویستی دەزانین بۆ ئەم مەبەستە کاری پێویست ئەنجام بدەن.
عەبدوڵڵا شێرکاوەیی گووتەبێژی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، دەشڵێت:” ئامانج لەم داوکاریەمان ئەوەیە بەپێی رێنمایی شەرعی مردوو لە گۆڕستانەکان بنێژرێن و گۆڕەکان بە شەرعی لێ بدرێن و روویان لە قیبلە بێت، چونکە بە پێی زانیاری ئێمە لە بەشێکی گۆڕستانەکان ئەوە ناکرێت و گۆڕەکان روویان لە قیبلە نیە ئەمەش پێچەوانەی رێنمایی ئایینی ئیسلامە..

































































