وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ ئاشکرایدەکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگە نادەن دەستەکەیان سەردانی گیراوانی لالەزار بکەن.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رۆژی سێ شەممە ٢٥ تشرینی دووەم سلێمان سندی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راگەیاندووە، “مانگێک و نیو زیاترە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی رێگە بە تیمی دەستەکەمان نادەن سەردانی زیندانی کانی گۆمی بکەین و چاومان بە دەستگیرکراوانی شەڕەکەی لالەزار بکەوێت؛ تەنیا دوو جار رێگەیان پێداوین.”
لەبارەی هۆکاری رێگریان، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە دەستەی مافی مرۆڤ کە بە میدیای رووداوی راگەیاندووە “هیچ هۆکارێکیان پێ نەوتووین و تەنیا دەڵێن ناتوانن بیانبینن.”
بەرپرسەکەی مافی مرۆڤ گووتیشی ” پەیوەندیمان بە نوسینگەی قوباد تاڵەبانی کردووە کە دەمانەوێت لەسەر ئەم پرسە و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، شاندێکی دەستەکە سەردانیان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا رێکنەکەوتووە”.
دوای کۆکردنەوەی هێزێکی زۆری پڕ چەک بەرەبەیانی ٢٢ـی ئاب، هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی هێرشیان کردە سەر گردی لەلازارو دوای ٣:٣٠ کاتژمێر و شەڕێکی قورس کۆنترۆڵی لالەزاریان کرد و بە دەیان چەکداری لاهور جەنگی دەستگیرکران و چوار چەکدار سیانیان لە هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی و دانەیەکیان لە چەکدارانی لاهور دەستگیرکران و دەیانی تر بریندار بوون.
دوو لە چەكدارە كوژراوەكانی ئەم رووداوە خەڵكی ئیدارەی سۆران بوون و یەكێكیان دوای 70 رۆژ، تەرمی یەكێكیان بە سووتاوی گەێندرایەوە سۆران.
































































