زاری كرمانجی-سۆران
لە بزاوتێکی دیکەی فەرهەنگی لە شاری سۆران پەرتووكی نوێ بەرهەم هات کە لە شارەکانی دیکەشدا بڵاو دەکرێتەوە. کتێبی سی تایبەتمەندییەکان (گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی، بنەماکانی حوکمڕانی)، نووسینی پڕۆفیسۆر دکتۆر مەحموود سەریعولقەڵەم، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، وەرگێڕانی کاروان کەریمخان لە چاپخانەی ئەحمەدێ خانی لە شاری سۆران چاپ کرا.
ئەم پەرتووكە بابەتی زانستی مرۆیی، کۆمەڵایەتی، پەرەسەندنی فەرهەنگی، بەڕێوەبردن، حوکمڕانی تێدایە کە بۆ گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی و تێگەیشتن لە بنەماکانی حوکمڕانی گرینگن. کتێبەکە لە سێ بەش پێک هاتووە: گەشەی تاک، بەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی حوکمڕانی و بۆ هەر بەشێک چەندین بابەتی سی خاڵی نووسراوە.
پەرتووكەكە وانەی چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانێکی مرۆیی و سازکردنی ژیارێکی نوێمان فێر دەکات. ئامۆژەکانی کەسایەتیی تاک بینا دەکاتەوە و وەک چرایەک ڕێڕەوی شارستانییەتی کۆمەڵگەیە ڕووناک دەکاتەوە. هەروەها زەنگێکە بۆ هەشیارکردنەوەی بەڕێوەبەران کە ئاکامەکەی نزیکتربوونەوەیە لە گەشەسەندن و پەرەسەندن. بەو ڕوانگەیە، ئەم کتێبە تەنیا بۆ خوێندنەوە نیە بەڵکوو جۆرێکە لە ژیانی نوێ.
خوێنەری ئەم پەرتووكە ئەو کەسانەن کە بیر لە پەرەسەندنی تاک و پێداچوونەوە بە ڕەفتارەکان، باشترکردنی مامەڵە کۆمەڵایەتییەکان و قووڵ بوونەوە لە پایەکانی حکومڕانی دەکەنەوە. هەروەها تەرازوویەکە بۆ خۆ هەڵسەنگاندن و چۆنیەتی بیرکردنەوە.
































































