مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لەبەرامبەر بڕیارە نوێیەكەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، سەرۆككۆماری توركیا دەڵێ”دەسەڵاتی دادوەری چی بڵێت، پابەندی دەبین.” هاوكات یاریدەدەری سەرۆكی مەهەپە ڕایدەگەیەنێت “بڕیاری ئازادكردن بۆ دەمیرتاش دەدرێت.”
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا دوێنێ چوارشەممە 5ـى 11ـى 2025، لە بارەی دەنگۆی ئازادكردنی دەمیرتاش ڕایگەیاند “توركیا وڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی دادوەری لەمبارەیەوە چی بڵێت، پابەندی دەبین.”
دوای ڕەتكردنەوەی تانەی توركیا، لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپاوە، چاوەڕێ دەكرێت دەمیرتاش ئازاد بكرێت، بە تایبەت دوای ئەوەی دادگەی ناوبراو، لە هەشتی تەممووزی 2025 لە بڕیارێكی دا دووبارە گرتنەوەی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی دۆزی كۆبانێدا بە “كێشەدار لە ڕووی یاساییەوە” لە قەڵەم دابوو.
لای خۆشییەوە، فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆكی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی – مەهەپە ئاشكرای كرد كە بڕیاری ئازادكردن بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش دەدرێت و گوتیشی “توركیا یەكێك لە لایەنەكانی ڕێككەوتننامەی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپایە و دان بە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا دەنێت، بەڵام پێچەوانەی دادگە هەنگاو دەنێت. بەڕاستی ئەمە لەڕووی یاسایەوە هیچ ڕوونكردنەوەیەكی نییە.”
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە ماوەی 9 ساڵە لە بەندیخانەی ئەدیرنە بەندكراوە و ئەو دۆسیەیەی كە دەمیرتاش و هاوڕێكانی لەسەری دادگاییكران بە دۆسیەی كۆبانێ ناسراوە .

































































