خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگا، لێدوانێکی تووندی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی یاریی نێوان ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە مەیامیی ئەمریکا بڵاوکردەوە.
بڕیاربوو رۆژی 20ی مانگی دوانزەی ئەمساڵ هەردوو یانە، یاریی نێوانیان لە لالیگا، لە ئەمریکا ئەنجامبدەن، بەڵام دوێنێ شەو کۆمپانیای رێکخەری یارییەکە، بەبیانووی “حاڵەتی نادڵنیایی کە ئیسپانیا لە چەند هەفتەی رابردوودا بەخۆوەی بینی” رێکخستنی یارییەکەی هەڵوەشاندەوە.
تێباس دوای بڕیاری کۆمپانیاکە، لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، “ئەو دامەزراوانەی تۆپی پێی ئەورووپی بەڕێوەدەبەن -ئاماژە بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا و ریال مەدرید- لەپشت بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەوەن”. ئاماژەی بەوەداوە “ئەوان بیانوویان پاراستنی خاوێنیی رکابەرییەکەیە، لە کاتێکدا گوشار لەسەر ناوبژیوانان و بڕیاربەدەستانی تۆپی پێ دروستدەکەن”.
هەروەها دەڵێ، “ئەوانە چەندین ساڵیان لە دروستکردنی چیرۆکی شێواو و بەکارهێنانی گوشاری سیاسی و میدیایی وەک کەرەستەیەکی وەرزشی، بەڕێکردووە”.
تێباس، سوپاسی ڤیاڕیال و بارسێلۆنای کردووە بۆ “پابەندبوون و دڵفراوانییان”، دوای ئەوەی بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند رێز لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە دەگرێت.
سەرۆکی دەستەی لالیگا، هەروەها دەڵێ، “ئەمڕۆ تۆپی پێی ئیسپانیا هەلێکی بۆ گەشەکردن و کرانەوەی زیاتر بەڕووی جیهان و دابینکردنی باشتری داهاتووی لەدەستدا. هەندێک بەبیانووی پارێزگاری لە کولتووری داخراوی نێوخۆیی کارەکەیان کردووە، لە کاتێکدا کولتوورە راستەقینەکەی تۆپی پێی ئەورووپی رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە بەهۆی ئەو بڕیارانەی ئەو دامەزراوانە دەیدەن کە بەڕێوەی دەبەن. ئەو بڕیارانەی خولە نێوخۆییەکان لەنێو دەبات لە کاتێکدا ئەو خولانە، هەڵسوڕێنەری راستەقینەی پیشەسازیی تۆپی پێی ئەورووپان، ئەمەش لەسایەی سادەگۆیی و دۆخی گوێپێنەدانی حکومەتە ئەورووپییەکان کە جیاوازی ناکەن لەنێوان شتە جەوهەری و رووکەشەکاندا”.
تێباس زیاتر گوتوویەتی، “باسی سازگاریی لە رکابەریدا دەکەن لە کاتێکدا خۆیان چەندین ساڵە لەنێوی دەبەن، لە رێگەی گوشار خستنە سەر ناوبژیوانان و بڕیاربەدەستان و دروستکردنی چیرۆکی ناڕاست و بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و میدیایی وەک هۆکارێک بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان”.
هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامدانی یاریی نێوان ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە ئەمریکا، بە شکست بۆ تێباس و لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە دادەنرێت، بەتایبەت کە بەشی زۆری یانەکانی لالیگا بەئەنجامی یارییەکە لە ئەمریکا رازی نەبوون.


































































