زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستا شوکری ئەحمەد موحەممەد، مامۆستا لە بەشی کوری فاکەڵتیی پەروەردەی زانکۆی سۆران، پەرتووكێك بە ناو نیشانی (ڕیزبوونی پاڕستەی ئاوەڵکاری لە زمانی کوردیدا لە ڕوانگەی ئەرکی-تایپۆلۆجی) بەچاپ گەیاند.
نووسەری پەرتووكەكە دەڵێت: ئەم پەرتووكەم لەبنەڕەتدا ماستەرنامەیە، نووسەر لە ناوەرۆکەکەیدا لێکدانەوە بۆ ڕیزبوونی پاڕستەی ئاوەڵکاری دەکات لە زمانی کوردیدا، بە پشتبەستن بە تیۆری ئەرکی-تایپۆلۆجی.
هەوڵێکە بۆ دەستنیشانکردنی ڕیزبوونی پاڕستەی ئاوەڵکاری لە زمانی کوردیدا و دەستنیشانکردنی شوێنی سەرەکی ئەم جۆرە پاڕستەیە بە سود وەرگرتن لە هۆکارەکانی وەک (ئایکۆنسازی، پرۆسێس، درێژی ڕێزمانی، گوتار و واتا) لە ڕوانگەی ئەرکی -تایپۆلۆژییەوە. واتە ئایا ئەم جۆرە پاڕستەیە لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە لە پێش ڕستەی سەرەکی یان دوای ڕستەی سەرەکی دێت؟
دەشڵێت: پاڕستەی ئاوەڵکاری بریتییە لەو ڕستە لاوەکیانەی کە لە ڕستە ئاڵۆزەکاندا دەردەکەون و بەشێک لە ڕستەی سەرەکی یان تەواوی ڕستەی سەرەکی ڕووندەکاتەوە. ئەم جۆرە پاڕسەیە لە زمانی کوردیدا بەسەر چەند جۆرێکدا دابەش دەکرێت وەک پاڕستەی (کات، شوێن، هۆیی، مەرج، ئامانج، ئەنجام، پێوانە و پێچەوانە)، کە دەکرێت پێش ڕستەی سەرەکی و دوای ڕستەی سەرەکی بێن.
هەروەك کۆمەڵێک هۆکاری تایپۆلۆژی لە دیاریکردنی شوێنی سەرەکی جۆرەکانی پاڕستەی ئاوەڵکاری لە ڕوانگەی ئەرکی – تایپۆلۆژییەوە لەبەرچاو گیراون و بەپێی بۆچونەکانی (Holger Diessel: 1996, 2001, 2005, 2008, 2011, 2019) ئەم هۆکارانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە ڕێکخستن و دەستنیشانکردنی شوێنە سەرەکی جۆرەکانی پاڕستەی ئاوەڵکاری.
تێبینی: ئەم کتێبە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سۆران بەڵاوکراوەتەوە.

































































