مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :

حكومەتی دیمەشق، كۆنفرانسی “یەكێتی پێكهاتەكان” لە ڕۆژئاوا بە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی 10ی ئازار و هەوڵدان بۆ گۆڕانكاریی دیمۆگرافی ناو دەبات و دەشڵێت “سەرجەم لێكەوتە یاسایی و سیاسی و مێژووییەكانی دەكەوێتە ئەستۆی هەسەدە.”
ئاژانسی سانای فەرمیی سووریا، لە زاری بەرپرسێكی حكومەتی دیمەشق بڵاوی كردەوە “هەسەدە و سەركردەكانی بەرپرسن لە لێكەوتەكانی ئەو كۆنفرانسەی لە باكوور و ڕۆژئاوای سووریا ئەنجامدراوە.”
ئەو بەرپرسەی دیمەشق كە ناوەكەی ئاشكرا نەكراوە دەشڵێت “ئەو كۆنفرانسە ئامانجی بە نێودەوڵەتیكردنی پرسی سووریا و دەستوەردانی دەرەكی و دووبارە سەپاندنەوەی سزاكانە،”
جەخت لەوەش دەكاتەوە كە حكومەتی دیمەشق بە توندی سەركۆنەی میوانداریكردنی كەسانی جوداخواز و تێوەگلاو لە كاری دوژمنكارانە لە باكوور و ڕۆژئاوای سووریا دەكات، ئەو هەنگاوەش پێشێلكاریی ڕوونی ڕێككەوتنی 10ی ئازارە.
ئاماژە بەوەش دەكات كە كۆنفرانسەكە ڕووپۆشێكی سیاسییە بۆ گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بەرنامە بۆ داڕێژرا و دژی عەرەبی سووریا، كە چەند گرووپێكی كوردی توندڕەو بە ڕێنمایی قەندیل جێبەجێی دەكەن.
بەرپرسەكەی حكومەتی دیمەشق ئەوەش دەڵێ “ئەوەی لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوویداوە، نوێنەرایەتیی چوارچێوەیەكی نیشتمانیی گشتگیر ناكات، بەڵكوو هاوپەیمانێتییەكی شكستخواردووە، كە ئەو لایەنانە لە خۆ دەگرێت زەرەرمەندی سەركەوتنی گەلی سووریا و ڕووخانی ڕژێمی پێشوون.”

































































