” كەرتی گەشتیاری لە سنووری قەزای ڕواندز هەلی كاری بۆ چەندان كەس ڕەخساندووە “
دیدار-زاری كرمانجی
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، لە دیدارێكی زاری كرمانجی ڕایگەیاند: بەهۆی بوونی ناوچەیەكی شاخاوی و ئاو و هەوایەكی فێنك سەدان سەیرانگەو شوێنی گەشتیاری لە سنووری قەزای ڕواندز كراونەتەوە، ئەوەش وایكردووە ڕوژانە هەزاران گەشتیاری ناوەخۆ و بیانی و هاووڵاتیانی سنوورەكە ڕووی تێبكەن، دەشڵێت: ئەمساڵ قەیرانی دارایی و وشكە ساڵی كاریگەر بووە لەسەر كەرتی گشتیاری لە سنوورەكە.
لەبەردەوامی قسەكانیدا: پارێز یوسف بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، گووتیشی: “لە كۆنەوە تائێستا سنووری قەزای ڕواندز بە سەیرانگەو شوێنی گەشتیاری بەناوبانگ بووە، بەتایبەتیش لەدوای ڕاپەڕینی 1991 تا ئێستا ساڵ لە دوای ساڵ بایەخی زۆر بە كەرتی گەشتیاری ناوچە دراوە، كە لە ئێستادا 206 بنكەی گەشتیاری لە سنوورەكەمان هەن، هەروەها زیاتر لە 1000 كەپری گەشتیاری لە سنووری ناحیەی وەرتێ دروستكراون، سەرەكی ترین سەیرانگەو شوێنی گەشتیاریش لە سنوورەكەمان بریتین لە هاوینەواری (بێخاڵ، شنگڵبانە، كۆڕەك، جوندیان، وەرتێ، ئاكۆیان) كە بەشێوەیەكی بەردەوام گەشتیاران ڕووی تێدەكەن، بەتایبەتیش لە وەرزی بەهار تا وەرزی پایز، لەگەڵ ئەوەشدا گەشتیاری تایبەت بە زستانە هەیە، ڕوو دەكەنە چیایی كۆڕەك و ئەو ناوچانەی بەفریان لێدەبارێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا: بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، ئاماژەی بەوەدا: حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخی زۆری بە كەرتی گەشتوگوزار داوە، ئەوەش وایكردووە بوژانەوە بەخۆیەوە ببینێت، هەروەك چەند پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری لە پلان و بەرنامەی داهاتوودان، بوونی ناوچەی گەشتیاری و سەیرانگەی سەرەنج ڕاكێشس لە سنوورەكەمان بوونەتە هۆی ئەوەی گەشتیارانی بیانی بەتایبەت شارو شارۆچكەكانی عێراق بەو پێشكەوتنانەی هەرێمی كوردستان سەرسام بن و زیاتر خواستی سەردانی كردنی ئەو شوێنانەیان هەبێت، بەتایبەتیش لەكاتی بۆنەو پشووەكاندا گەشتیارێكی زۆر ڕوو لە دەڤەرەكەمان دەكەن.
پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، هێمای بۆ ئەوەش كرد: “بوونی سەیرانگەو ناوچەی گەشتیاری لە سنورەكەمان هەلی كاری بۆ چەندان گەنج و هاووڵاتی سنوورەكەمان ڕەخساندووە، هەروەها چەندین كەس وەك خاوەن پڕۆژەو سەیرانگەو شوێنی گەشتیارین، توانیویانە لەم ڕێگەیەوە بژێوی ژیانیان دابین بكەن، ئێمەش وەك گەشتوگوزار و لایەنی پەیوەندیدارەكانی سنوورەكە چاودێرین بەسەر ئەو سەیرانگەو ناوچە گەشتیارییەكان، بە پێدانی ڕێنمایی و نوێكردنەوەی مۆڵەت و پابەندكردنیان بەو ڕێكارانەی تایبەتن بە گەشتوگوزار.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، ئاشكراشی دەكات: ئەمساڵ شەڕی ئیسڕائیل و ئێران و قەیرانی دارایی و وشكە ساڵی كاریگەری هەبووە لەسەر سێكتەری گەشتیار و كەمبوونەوەی ڕێژەی گەشتیاران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هاتنی گەشتیاران بەردەوامی هەیە، زۆربەی گەشتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لەڕێگەی كۆمپانیاكان دێنە سنوورەكەمان و هەماهەنگی باشیشمان هەیە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی گەشتیاری، بەشێوەیەكی گشتی ناوچەكەمان لەبارترین شوێنە بۆ هاتنی گەشتیاران و كەشێكی ئارامیشیان بۆ فەراهەم دەكرێت.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ڕواندز، داواكار بوو لەو گەشتیار و هاووڵاتییانەی بۆ گەشت و سەیران ڕوو دەكەنە سەیرانگەو ناوچە گەشتیارییەكانی سنوورەكە، ژینگەی سەیرانگەو ئەو ناوچانە بپارێزن و پاشماوەی خواردن و خواردنەوەكانیان فڕێنەدەنە سەر زەووی و ناو ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەكان، بەڵكوو بیانخەنە ناو كیسی زبڵدان و لە شوێنی گونجاوی دابنێن، تا كارمەندانی پاككرەوە لە شوێنەكە هەڵی بگرن و بگوزانەوە بۆ شوێنی فڕێدانی خاشاك، هەروەك كارمەندانمان بە هاوكاری تیمەكانی شارەوانی و كۆمپانیایی پاككرەوە، چەندین جار هەڵمەتی كۆكردنەوەی ئەو پاشماوەو زبڵ و خاشاكانەیان ئەنجامداوە.
لە دوا قسەكانیدا پارێز یوسف، داواكاربوو لە گەشتیاران لەكاتی سەردانی كردنی ڕووبار و سەرچاوە ئاوییەكان، ئاگاداری ئەندامانی خێزانەكانیان بن بە تایبەت منداڵەكانیان، بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە ڕووداوی نەخوازرا و لە پێناو بەسەر بردنی گەشت و سەیرانێكی خۆش و ئارام.

































































