ژیری دەستكرد یارمەتیدەرە لە دەستكەوتنی زانیاری بۆ قوتابییان
مستەفا دۆلەمەری – زاری كرمانجی:
ژیری دەستكرد پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیایە و بریتییە لە ئەنجامدانی ئەو ئەركانەی كە بە مرۆڤ جێبەجی دەكرێن كە لەڕێگەی پڕۆگرامی كۆمپیۆتەرەوە دەكرێن، لە سەردەمی گەشەی خێرا و بێ وەستانی تەكنەلۆژیا، بەكارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەكان بۆ فێركاری و گەیشتن بە زانیاری بۆتە بەشێكی سەرەكی لە ژیانی قوتابییاندا، بە تایبەتی لە زانكۆ و پەیمانگەكان. لەم ڕاپۆرتەدا، ڕاوبۆچوونی چەند قوتابی و مامۆستایەك وەردەگرین كە باس لە لایەنی باش و خراپی ژیری دەستكرد دەكەن.
ڕێناس فارۆق، بەڕێوەبەری بەشی تەكنۆلۆژیای زانیاری لە زانكۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند، ژیری دەستكرد وەكو لقێك لە زانستی كۆمپیۆتەر بەكاردێت بۆ دروستكردنی ئامێرێك یاخود سۆفت وێرد كە لەو ڕێگەیەوە ئەو ئامێرە چەند كارێك ئەنجام دەدات كە پێویستی بە ژیری مرۆڤە و ژیری دەستكردیش وەكو تەكنەلۆژیایەكی نوێ ڕۆڵێكی زۆری هەیە لە دەستكەوتنی زانیاری بۆ قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان، ژیری دەستكرد توانیویەتی لە زۆر بواردا جێی دەستی خۆی بەرەو پێشەوە ببات و كاریگەری لەسەر زۆر بواردا هەبووە بەتایبەتی لە بواری فێربوون كە قوتابییان لەڕێگەی ژیری دەستكردەوە دەتوانن چەندەها زانیاری بەدەست بهێنن و لە ژیانی ڕۆژانەی خوێندنیاندا بەكاربهێنن.
بەڕێوەبەری بەشی تەكنۆلۆژیای زانیاری لە زانكۆی سۆران، گوتیشی: دەبێت ئاگاداری لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ژیری دەستكرد بین و پێویستە قوتابییان ئاگادار بن لە بەكارهێنانی ژیری دەستكرد بۆ دەستكەوتنی زانیاری هەموو سەرنجی خۆیان نەخەنە سەر ئەو ئامێرانە، چونكە وا دەكات بە بەردەوامی پرسیار لەسەر هەموو بابەتێك بكات و ئەمەش بە جۆرێك تەمبەڵی دروست دەكات كە لە داهاتوودا قوتابییان ناتوانن ئاستی خوێندنی خۆیان بەرەوپێش ببەن، بۆیە پێویستە قوتابییان تا ئاستێكی دیاریكراو ژیری دەستكرد بەكاربهێنن كە نەبێتە هۆی تەمبەڵی لە كاروبارەكانیدا.
محەممەد جەلال، قوتابی زانكۆ، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و هاتنی یەك بەدوای یەكی ئامێرە زیرەكەكان، كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕووی لە ژیانی ڕۆژانەمان كردووە، ئەو گۆڕانكاریانەش بەشێكی زۆری پەیوەست بوو بە چاڵاكییەكانی ڕۆژانەمانەوە، كاتێك ئەبینی ئامێرە زیرەكەكان یارمەتییەكی بەرچاومان ئەدەن لە كاروباری ڕۆژانەماندا، لە هەمان كاتدا وای كردوە مرۆڤ ئەو هێزە ناوەكییەی كە هەیەتی نەتوانێ دەری بكات و بەرەو خاوبوونەوەی بردووە، بەم دواییانەدا لە بواری تەكنەلۆژیا، ژیری دەستكرد ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستن و یارمەتیدانی قوتابییان، بەتایبەت لە زانكۆ و پەیمانگەكان، ئەگەر سەیری كاردانەوەكانی هاتنی ژیری دەستكرد بكەین، تێ ئەگەین باش و خراپ ڕۆڵی هەبووە بۆ قوتابییان، بێگومان ژیری دەستكرد وایكردووە كەمترین كات تەرخان بكەین بۆ دەست گەیشتن بە زانیارییەكان، ئەمەش ڕێگە خۆشكەرە بۆ قوتابی تاوەكو بە ئاسانترین شێوە ئەركەكانی بە یاوەری ژیری دەستكرد بە ئەنجام بگەیێنێ، هەروەها وا ئەكا قوتابی بتوانێت لە نەبوونی دەرفەتی گونجاودا پێداچوونەوە بكات و زانیاری گونجاوی دەستكەوێت، لە لایەنێكی ترەوە ئەو قوتابییانەی شارەزاییەكی باشییان لە بەرهەمە زیرەكەكان نییە، وایكرد ڕێگە خۆشكەر بێت بۆیان و ئاسانكارییەكی تەواویان بۆ بكات، كەواتە بە شێوەیەكی گشتی ئەكرێ بڵێین ژیری دەستكرد تەواو گۆڕانكاری كرد لە گەڕان بەدوای زانیاریی دا و سوودێكی گرنگی بە قوتابییان بەخشی.
ئەو قوتابییە، نەشی شاردەوە: سەرەڕایی ئەو سوودە زۆرە و ئەو پێشكەوتنەی كە هاتە ڕێی قوتابییان لە هەبوونی ژیری دەستكرد، بێ بەش نەبوو لە زیان گەیاندن بە قوتابییان، گەورەترین زیان ئەوە بوو هەر چەندە قوتابی دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە زانیاری بەدەست بخات، بەڵام كەمترین سوودی زانینی هەبێت، یاخود كەمترین سوود بە بیر و هزرمان بگەیێنێت، چونكە بەشێكی گەورە لە پاشخانی زانینی ئێمە لە كاتی گەڕان بەدوای زانیارییەكانە، لە كاتێكدا قوتابی بە دەستی خۆی پێداچوونەوە بۆ ئەو زانیاریانە ئەكات، دەبێتە بەشێك لە زانینی خۆی، چونكە بەشێكی گەورەی بە دەستخستنی زانیاری لە دووبارەكردنەوەی بابەتەكەدایە، بۆیە ئەمە لەگەڵ ژیری دەستكرد تەواو لاواز بوویەوە، ئەمەش وا ئەكا قوتابی بە تەواوی ببێتە مرۆڤێكی بەرنامەڕێژكراو و پشت بە تواناكانی ژیری دەستكرد ببەستێ، بۆیە ئەمە دۆخێكی دەروونی تەواو چەسپاو و جێگیر دروست ئەكا و قوتابی لە بازنەیەكەی تەواو داخراو و جێگیر ئەهێڵێتەوە و لە یەك ئاستدا پەكی ئەخا و ناهێڵێت بە گەیشتن بە زانیاری ئاستی زانینی بەرز بێتەوە.
شەهلا حسێن، قوتابی زانكۆی سۆران، لە بەشی ئینگلیزی، ئاماژەی بەوەدا: زیرەكی دەستكرد شێوازی فێربوونی قوتابییانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەگۆڕێت و بەڕاستی گۆڕانكاریەكی گەورە بووە بۆ زۆرێكمان، ئەو ئامرازەیە كە ئامادەیە هەر كاتێك بمانەوێت یارمەتیمان دەدات، ئەوجا ڕوونكردنەوەی بابەتێكی ئاڵۆز بێت یان پێداچوونەوەی ئەركێك، دۆزینەوەی سەرچاوەی متمانەپێكراو بۆ توێژینەوەیەك، ژیری دەستكرد هەموو پرۆسەكە خێراتر و ئاسانتر دەكات و ئێمەی قوتابییان چیتر پێویست ناكات كات بەفیڕۆ بدەین لە گەڕان بە نێو كتێبەكاندا بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەكان، ژیری دەستكرد یارمەتی ئەو قوتابییانە دەدات كە ڕووبەرووی گرفت دەبنەوە وەك ئەوانەی كە دوورە دەستن و دەستپێڕاگەیشتنی سنوورداریان هەیە بە كتێب و كەرەستەی فێركاری، تەنها بە مۆبایل یان لاپتۆپێك ئەو قوتابییانەی لە ناوچە دوورەكانن دەتوانن ئێستا دەستیان بە سەرچاوە بەرزەكان بگات و بەستراوە بمێننەوە لەگەڵ زانیاری جیهانی.
د. تاڵب محەممەد شەریف، ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی گووت:” ژیری دەستكرد تەكنەلۆژیایەكە ڕێگە بە ئامێرەكان دەدات ئەو ئەركانە ئەنجام بدات كە بەشێوەیەكی گشتی پێویستیان بە زیرەكی مرۆیی هەیە و لەڕێگەی مڕۆڤەكانەوە داتا و زانیاریەكان وەردەگرێت و لێیان فێردەبێت بۆ ئەنجامدانی كارەكان جا هەر كارێك كە مرۆڤ بیەوێت ئەنجامی بدات، بۆ دەست گەیشتن بە زانیاریەكان و سەرچاوەی توێژینەوەی زانستییەكان و شیكردنەوەی داتا و زانیاریەكان بەكاردێت و لە بواری نووسین و فێربونی زمان دەتواندرێت سوودی لێوەربگیرێت، ئەمە لایەنە باشەكانی زیرەكی دەستكردە و ئەگەر بە شێوەیەكی زانستیانە و هۆشیاریەوە ژیری دەستكرد بەكارنەهێنین، لە وانەیە كاریگەری خراپ هەبێت كە كار بكاتە سەر فێربوون كە قوتابییان بەشێوەیەكی زۆر باش پشت بە زیرەكی دەستكرد ببەستن ئەوا توانای بیركردنەوە و بواری داهێنان و چارەسەركردنی كێشەكان لاواز دەبێت.
ڕاگری پەیمانگەی تەكنیكی مێرگەسۆر، گوتیشی: پێویستە بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵانە و بە هۆشیاری بەكاربهێندرێت، بۆ ئەوەی ببێتە یارمەتیدەر بۆ قوتابی، نەك ئامادەكردنی هەموو شتێك بۆ قوتابی بەڵكو بۆ وەرگرتنی بیرۆكە یارمەتی قوتابی بدات بۆ زیاتر باشكردن، وەكو ئامرازێكی یارمەتیدەر بێت نەوەكو جێگرەوەی مرۆڤ بێت.

































































