“كەسی وا هەبووە چەندین مانگ كەرەستەی خانووەكەی لەسەر شەقام بەجێهێشتووە و بەربەستی لەبەردەم هاتووچۆ دروست كردووە”
ڕاپۆرت-زاری كرمانجی
یەكێك لەو دیاردانەی بەردەوام بۆتە جێگەی گلەیی هاووڵاتییان بوونی كەرەستەی دروستكردنی خانوو و باڵەخانەكانە لە ناوەڕاست یان بەشێكی شەقاكان تاكو خانووەكە تەواو دەبێت نیوەی ئەو رێگایە دەگیرێت و هەندێ جاریش كۆڵانەكە دادەخات و شەقامەكە تێك دەدات.
بەشێك لەو هاووڵاتییانە لە رێگەی زاری كرمانجییەوە داوا دەكەن شارەوانی رێگەچارەیەكی گونجاو بۆ ئەو دیاردەیە بگرێتەبەر تاكو چیتر هاووڵاتییان بێزار نەبن و بتوانن بە ئاسانی هاتووچۆ بە كۆڵان و شەقامەكاندا بكەن، نەوەك كەرەستە و پێداویستی ئەو كەسەی خانوو دروست دەكات تاكو ماوەیەكی زۆر لەسەر شەقام بمێنێتەوە”.
دەشڵێن: پێویستە شارەوانییەكان و لایەنی پەیوەندیدار چیتر لەم ڕووەوە كەمتەرخەمی نەكەن و ئەو جۆرە كەسانەی شەقامێك دادەخەن یان ڕێڕەوی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل تەسك دەكەنەوە، لێپێچینەوەی توندی یاسایان لەگەڵ بكەن، چونكە شەقامەكان موڵكی گشتین ناكرێت لە پێناو بەرژەوەندی تاكێك كاریگەری خراپیان بۆ گشتی هەبێت، كەچی بەداخەوە تائێستا نەتوانراوە ڕێگری لەم جۆرە دیاردەیە بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دوای تەواو كردنی خانووەكە، شەقامی گشتی بەردەم ماڵەكانیان بە جۆرێك وێران دەكەن پڕدەبێت لە قۆرت و چاڵ”.
زاری كرمانجی لەسەر گلەیی هاووڵاتییان و وەڵامی لایەنی پەیوەندیدار، پەیوەندی بە چیایی محەممەد حەسەن، سەرۆكی شارەوانی رواندز كرد و گووتی ” لە كۆی 22 شارەوانی لە ئیدارەی سۆران تەنها رواندز و سۆران مۆڵەتدانیان هەیە بۆ دروستكردنی خانوو و باڵەخانە، داوا لە شارەوانییەكانی تریش كراوە وەك رواندز كار بەو شێوازە مۆڵەتە بكرێت لە رووی ڕێپێدان و چۆنیەتی دروستكردنی خانوو”.
سەرۆكی شارەوانی رواندز، ئاماژەی بەوەشدا، كاتێكی دیاریكراو دیاری دەكرێت بۆ ئەو كەسەی خانوو یان باڵەخانە دروست دەكات گەر لەو كاتە كارەكانی تەواو نەكرد ئەو پارەی دانراوە لە شارەوانی، شارەوانی دەتوانێ بەكاری بهێنێ بۆ بەكرێ گرتنی كرێكار و هەڵگرتنی ئەو كەرەستانەی لەسەر شەقام دایناون و بوونەتە هۆی گرتن و بەر تەسك كردنەوەی شەقام و كۆڵانەكان.
لای خۆیەوە شەوقی عەزیز، جێگری سەرۆكی شارەوانی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت: لەلایەن تیمی تایبەت بە نەهێشتنی زێدەڕۆییەكان لە شارەوانی سۆران، ڕێگری لە هەر سەرپێچی و ڕێگرییەك دەكرێت، كە بكرێتە سەر زەوی و موڵكی گشتی و شەقام و ڕێگاكان، ئەو جۆرە كەسانەش لێپێچینەوەی یاسایان لەگەڵ دەكرێت كە پەنا دەبەنە بەر ئەو جۆرە كارانە”.
گووتیشی: داواكارین لە هاووڵاتییان لەكاتی بینینی سەرپێچیەكان واتە داخستنی شەقامێك لەكاتی دروستكردنی خانوو یان دروستكردنی تاسە یان هەر زێدەڕۆیەكی دیكە هەبێت، پەیوەندیمان پێوە بكەن، تا بەدواداچوونی بۆ بكەین و زێدەڕۆییەكە نەهێڵین.