بەرێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک رایدەگەینێت ، چوار بەنداو لە ھەرێمی کوردستان دروست دەكرێن.
فەرھاد محەمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک رایگەیاند : ” لیژنەی ھونەری لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق پێکھاتوون بۆ ئەوەی ڕێکارەکان تەواو بکەن، یەکێک لەو بەنداوانە بەنداوی مەنداوەیە، ئەو بەنداوەش زۆر گەورەیە و ھەولێر و دھۆکیش سودی لێ وەردەگرن.”
بەڕێوەبەری بەنداوەکانی پارێزگای دھۆک وتیشی ، “سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان چوار بەنداوی گەورە و ستراتیژی دروست بكرێت، یەکێک لەو بەنداوانە بەنداوی مەنداوەیە و بڕیاری لەسەر دراوە، لەسەر بودجەی عێراق دروست دەکرێت، بۆ ئەومەبەستەش لیژنەی ھونەری لە نێوان ھەرێم و بەغدا دروست کراون بۆ دیاریکردنی شوێنەکان و نوێکردنەوەی بەشێک لە دیزاینەکان، چونکە کۆن بوونە، بەردەوامیش کاری تێدا دەکرێت بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و پڕۆژەکان بکەونە بواری جێبەجێکردن، چونکە ھەرێم و بەغدا ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە.”
بەرێوەبەری بەنداوەکانی دھۆک گوتیشی “دروستکردنی ئەو چوار بەنداوە سودێکی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان لە چەندین کەرت دەبێت، وەکو بەرھەمھێنانی کارەبا، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، سامانی ماسی و زۆر بابەتی دیکە.”