وەزیری كارەبای عێراق : ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا هاوردەكردنی غازیش بگرێتەوە، تووشی هاوینێكی گەرم دەبین
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری كارەبای عێراق دەڵێ ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا هاوردەكردنی غازی ئێران بگرێتەوە، ئەوا تووشی هاوینێكی تاقەت پڕوكێن دەبین.
زیاد عەلی فازڵ، وەزیری كارەبای عێراق، ئەمڕۆ هەینی 28ی ئاداری 2025، ڕایگەیاند كە سزاكانی ئەمەریكا هاوردەكردنی كارەبای عێراق لە ئێران دەگرێتەوە، بەڵام سەبارەت بە غاز ڕوون نییە، بۆیە ئاماژەی بەوە كرد “ئەگەر سزاكانی ئەمەریكا هاوردەكردنی غازیش بگرێتەوە، تووشی هاوینێكی گەرم دەبین.”
دەشڵێت “گفتوگۆكان لە واشنتن سەبارەت بە هاوردەكردنی غازی ئێرانی بۆ عێراق بەردەوامە.”
هاوكات عەدنان جابری، جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت
“ئەو غازەی لە كێڵگەكانی عێراق بەرهەم دێت 60 % ی خواستنی ناوخۆ پڕ ناكاتەوە،” گوتیشی “دەبێت حكومەت كار بۆ ئەوە بكات كە ئەمەریكا ڕێگەمان پێ بدات غاز و كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە بكەین.”

































































