پێگەی “شەفەق نیوز” ئەمڕۆ پێنجشەم 19-12-2024 بە پشت بەستن بە بەیاننامەیەكی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردووەتەوە” سوپای ئیسرائیل، بەسەرپەرشتیی وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە، بەرەبەیانیی زووی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، هێرشیان كردووەتە سەر یەمەن و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتەی لە سەنعا وێران كردووە. لەگەڵیدا چەند پێگەیەكی سەربازیی حووسییەكان بۆردمان كراون و كوژراویش هەیە”.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە ” لەو بۆردمانە بە رێنوێنیی دەستەی هەواڵگری و چەكی ئاسمانی ئەنجام دراوە، چەند پێگەیەكی سەربازیی حووسییەكان لە كەرتی رۆژئاوا و ناوجەرگەی یەمەن كراونەتە ئامانج “.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە ” بۆردمانەكان بەرانبەر بەو هێرشانەیە كە حووسییەكان بەردەوام لە رێگەی درۆن و مووشەكی “زەوی زەوی”یەوە ئیسرائیل دەكەنە ئامانج، ئەگەرچی زۆربەی هێرشەكانیان پووچەڵ كراونەتەوە”.
“حووسییەكان بە پاڵپشتیی ئێران و میلیشیاكانی عێراق، بەردەوام ویستوویانە ناوچەكە ناسەقامگیرتر بكەن و بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل و كەشتییە بازرگانییەكانی دەریای سوور و كەنداوی عەدەن، سوپاكەمان بەردەوام دەبێت لە ئەركەكانی و رێگە بە هیچ هەڕەشەیەك نادات بكرێتە سەر خاكەكەمان و وەڵامی جەرگبڕی دەبێت( لە بەیاننامەكە وا نووسراوە).
لە لای خۆشیانەوە كەرتی تەندروستیی یەمەن رایگەیاندووە” بۆردمانەكانی ئیسرائیل بووەتە هۆی كوژرانی 10 كرێكار كە لە بەندەری حەدیدە و رەئس غەربیی یەمەن بوون”.

































































