خاوەن نوسینگەیەکی خانوو بەرە” لە گەڵ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بازاڕی خانوو بەرە بوژاوەتەوە”.
محەممەد مەحموود- رواندز:
دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسروربارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی بردنی ئاو لە رواندزوە بۆ دۆڵی ئاکۆیان بەفەرمی کەوتە واری جێ بەجێ کردن، لە ئێستادا نرخی خانوو و زەوی لە دۆڵی ئاکۆیان گۆڕانکاری بەسەر داهاتوەو بەرزبۆتەوە.
لەم بارەیەوە زیرەک رواندزی، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییە لە رواندز، بە زاری کرمانجی راگەیاند” دوای ئەوەی پڕۆژەی ئاوی دۆڵی ئاکۆیان بە فەرمی کەوتە واری جێ بەجێ کردن، کاریگەریەکی زۆری هەبوو لە سەر بەرز بوونەوەی نرخی خانوو و زەوی لەو ناوچەیە و لە ئێستادا نرخەکان گۆڕاون بەراورد بە پێش دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە”.
زیرەک رواندزی، گوتیشی ” لە لایەن خەڵکەوە داوکاری زۆر هەیە بۆ زیاد کردنی سنووری گوندەکان بە تایبەتی گوندی کەڕەک داواکاری پێشکەش کراوە، بە زیاد کردنی سنووری گوندەکانیش خەڵک زیاتر سوودمەند دەبێت لە موڵکەکانیان.
هەژار ئیبراهیم، کاری فرۆشتنی خانوو و زەوی دەکات بە زاری کرمانجی راگەیاند”پێش دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بازاڕی خانوو و بەرەوەو زەوی لە دۆڵی ئاکۆیان زۆر ستت بوو، ئێستا لە گەڵ دەستپێکردنی ئەو پڕۆژەیە بازاڕی خانوو بەرە بوژاوەتەوە و نرخەکان گۆڕانکارییان بەسەر داهاتووە”.
هەژار ئیبراهیم، گوتیشی” ئەگەر بێت و رێگە پێدانی دروستکردنی خانوو هەبێت بازاڕ زۆر باشتر دەبێت، لە ئێستادا رێگە پێدانی دروستکردنی خانوو راگیراوە، ئەمەش وادەکات جوڵەی بازاڕی زەوی و خانووبەرە وەک پێویست نەبێت، بەڵام ئەوەی گرنگە لە گەڵ جێ بەجێ کردنی ئەو پڕۆژەیە نرخەکان بەرزبوونەتەوەو گۆڕنکاری زۆریان بە خۆیەوە بنیووە.
بە گوژمەی ٥٩٠ ملیۆن دینار پرۆژەی بردنی ئاو لە ڕەواندز بۆ دۆڵی ئاکۆیان جێبەجێ دەکرێت و کێشەی ئاوی چەندین گوند لەو ناوچەیە چارەسەر دەبیت.