شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی توانا عەقڵییەكان، باسی هاوسەنگی و هەماهەنگی دڵ و مێشك دەكات و دەشڵێت” دڵ بەردەوام قسە بۆ مێشك دەكات.
د. خاڵس قادر، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و راهێنەری توانا عەقڵییەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند”توێژینەوە زانستییە تازەكان، دەریانخستووە لە دڵدا تۆڕی دەماری تایبەت هەیە، لە هەزاران دەمارە خانە پێكدێن بەشێوەیەكی سەربەخۆ كار دەكەن هاوشێوەی كاركردنی تۆڕی دەماری مێشك، توانای بیركردنەوە و هەست ویادەوەریان هەیە، دەركەوتووە بە پێچەوانەی بۆچوونە باوەكان، ژمارەی ئەو پەیامانەی دڵ بۆ مێشكی دەنێرێت، 9 جار زیاترە لەو پەیامانەی كە مێشك بۆ دڵ دەنێرێت، واتە لە گفتووگۆی نێوان هەردوولا ئەوا دڵە كە بەردەوام قسە بۆ مێشك دەكات، بەڵام كاتێك مێشك لە بارێكی نائارامدا بێت، گوێ بۆ پەیامەكانی دڵ ناگرێت و نایانبیستێت، بە پێچەوانەی ئەوكاتانەی كە لە بارێكی دەروونی باشدایە وەك خۆشەویستی و هاوسۆزی مێشك گوێ لە پەیامەكانی دڵ دەگرێت و بە هاسەنگی بەیەكەوە كار دەكەن، بەمەش هەستكردن بە دڵخۆشی و باشبوون و ئارامی دروست دەبێت.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، لەبارەی هاوسەنگی و هەماهەنگی دڵ و مێشك، ئاشكراشیكرد” ئەو حاڵەتەیە كە تێیدا باری دەروونی، سۆزی و جەستەیی هاوسەنگ و ئاسودە دەبن و بە رێكی پێكەوە كار دەكەن، هەروەها هەناسە، لێدانی دڵ، فشاری خوێن و سیستەمی هۆڕمۆنی لە جەستەدا بە رێك و پێكی دەكەونە كار و هاوسەنگی دروست دەبێت لە كاركردنی هەردوو سیستەمی دەماری سیمپەساوی و پاراسیمپەساوی.
د. خاڵس قادر، راشیگەیاند” توێژەرە زانستییەكانی پەیمانگەی Heart Mathلە ولایەتی كالیفۆڕنیای ئەمریكا، تەكنیكێكی زانستی سەلمێندراویان داهێناوە بۆ دروستكردنی هاوسەنگی و هاوهێزی كاركردن لەنێوان دڵ و مێشك، كە ناویشیان لێنراوە هاوسەنگی و هەماهەنگی دڵ و مێشك، دەركەوتووە كاتێك دڵ و مێشك لە هاوسەنگی دابن ئەم حاڵەتانەی خوارەوە روودەدەن:
-مێشك و دڵ بە باشی كاردەكەن
- بیركردنەوە روون و گەشبین دەبێت
-توانای فێربوون باشتر دەبێ
-توانای یادەوەری و شیكردنەوەی زانیاری و بەبیرهاتنەو زیاتر دەبن.
-بەرگری لەش بەهێز دەكات
-لێدانی دڵ رێك و كەمتر دەبێت
-فشاری خوێن ئاسایی دەبێتەوە
-شەكرەی خوێن رێكتر دەكاتەوە
-توانای خۆ كۆنتڕۆڵكردن باشتر دەبێ
-دڵخۆشی و ئارامی دەروونی بەرجەستە دەبێت